سەردێر

“لەگەڵ كشانەوەی هێزە بیانییەكان، كارتەكانی كورد لەناودەچن”

لە ڕیالیزمی سیاسیدا شتێك بەناوی «پێزانین»ەوە بوونی نییە

خەڵك-

نوێنەری پێشووی هۆڵەندا لە سوریا ڕایدەگەیەنێت، لە ڕیالیزمی سیاسیدا شتێك بەناوی پێزانینەوە بوونی نییە.

نیكۆلاس ڤان دەم، نوێنەری پێشووی هۆڵەندا لە سوریا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، كوردانی سوریا لە شەڕی دژ بە داعشدا نزیكەی 11 هەزار كەس لە هێزەكانی خۆیان لەدەستدا. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپی ڕۆڵی كوردەكانیان لەشەڕی داعشدا بەرز نرخاند، بەڵام هیچ یارمەتییەكی كوردەكانیان نەدا لەبەرانبەر دەستدرێژیی توركیا.

وتیشی، “لە ڕاستیدا كوردەكانی سوریا بژاردەی زۆریان لەبەردەست نییە، ئەمریكا زیاتر بیر لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی دەكاتەوە و ئەم پرسە هەندێكجار دەگۆڕدرێت، ئێستا داعش بەهۆی هەوڵی كوردەكانەوە بە تەواوەتی شكستی هێناوە، بە ڕای واشنتن-یش پەیوەندیی ئەمریكا و توركیا گرنگترە لە پەیوەندیی لەگەڵ كوردەكان”.

لەبارەی هۆكاری ئامادەبوونی ئەمریكا لەناوچەی ژێر كونتڕۆڵی كوردەكانی سوریا ڤان دەم ئاشكرایكرد، ئامادەبوونی ئێستای ئەمریكا لەناوچەی ژێر كۆنتڕۆڵی كوردەكانی سوریا بەهۆی كوردەكانەوە نییە، بەڵكو بەمەبەستی ئەوەیە دەستپێڕاگەیشتنی حكومەتی ناوەندی سوریا بەو ناوچانە دژوار بكات لەلایەك، لەلایەكتریش بەبۆنەی بەرەنگاربوونەوەی ڕوسیا و ئێرانە.

ڕوونیشیكردەوە، سەركەوتنی سیاسی و فەرهەنگی كوردەكانی سوریا بەستراوە بە درێژەی مانەوەی هێزە بیانییەكان و بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوریا ڕوویدا.

جەختی لەوەش كردەوە، ناكرێت شوناسی كوردەكانی ئەم وڵاتە سەركوت بكرێت، بوون یان نەبوونی كارتی گوشار زیاتر بەمەوە بەستراوە، كە تا چ ئاستێك هێزە بیانییەكان ئامادەی پشتگیریی لە ئامانجی كوردەكانن بۆ هەبوونی خۆبەڕێوەبەری، تا ئەو كاتەی شەڕ لە سوریا كۆتایی پێنەهاتووە و هێزە بیانییەكان لە سوریان و كوردەكان وەكو هاوپەیمان دێنە ئەژمار، كوردەكان تا ئاستێكی زۆر كارتی گوشاریان بەدەستەوەیە، بەڵام لەگەڵ كشانەوەی هێزە بیانییەكان، ئەم كارتانە لەناودەچن، چونكە لە ڕیالیزمی سیاسیدا شتێك بەناوی «پێزانین»ەوە بوونی نییە.