سەردێر

كازمی بەرپرسانی كارەبا لەسەركارلادەبات و سزایان دەدات

خەڵك-
بەهۆی كەمتەرخەمی كردن لەئەركەكانیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەتی كارەبا لەسەر كارەكەی لادەبات و بڕیاردەدات دۆسێی لێپرسینەوە بۆ چەند بەرپرسێكی تری ئەو وەزارەتەبكرێتەوە.

بەپێی بەیاننامەیە كە ئەمڕۆ هەینی لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بڵاوكرایەوە”سەرۆك وەزیران فەرمانی كردووە بە لابردنی بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی وزەی كارەبای بەشی ناوەراست و هەروەها داوای كردووە سزایەكیشی بەناونیشانی سەرنج ڕاكێشان ئاڕاستە بكرێت بەهۆی ئەوەی وەك پێویست ئەركە كارگێڕیەكەی بەجێ نەهێناوە”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”سزاكەشی بەهۆی ئەو كەمتەرخەمییەوە بووە كە بووەتە هۆی پەكخستنی هێڵی گواستنەوەی وزەی (400 كەیڤی) كە لەئەنجامدا پچڕاندنی هێڵی كارەبای لەسەرجەم پارێزگاكان لێكەوتووەتەوە، هەروەها كازمی فەرمانی كردووە لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی تری وەزارەتی كارەبادا بكرێت كە لەو ئەركەی خراوەتە ئەستۆیان كەمتەرخەمیان كردووە و دۆسیەیەكی لێكۆڵینەوەیان لەدژ بكرێتەوە”.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران دەڵێت، بەدواداچوونەكانی كازمی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و كارمەندانی كارەبادا بەردەوامە بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێك بخرێتە گەڕ لەم گەرمای هاوینەدا كێشەكانی هاوڵاتیان كەمتر بكرێنەوە”.