سەردێر

عیراق و هەرێم، زياتر لە 6 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 6378 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 5082 كەسیش چاكبوونەتەوە، 40 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 45 هەزار و 397 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 6378 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و زیقار تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1974 لە بەسرە 969 و لە زیقار 444 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 209 حاڵەت و لە هەولێر 130 حاڵەت و لە دهۆك 334 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 5082 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و زیقار بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 40 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 4 حاڵەتیان لە سلێمانی و و 3 حاڵەت لە هەولێر و 2 حاڵەتیان لە دهۆك تۆماركراون.