سەردێر

شەپۆلی گەرمای پڕوكێنەر كۆتایی دێت

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەمڕۆ گەرما گەیشتۆتە دوا پلەی بەرزی و لە ڕۆژی هەینییەوە پلەكانی گەرما بە چەند پلەیەك ڕوو لە دابەزینەوە دەكەن بۆ ئاستی ئاسایی ساڵانە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری شەپۆلی گەرما سبەی پێنج شەممە ١-٧-٢٠٢١ پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی جێگیر ئەمێننەوە و لەسەنتەری پارێزگاکان لەنێوان ٤٣ بۆ ٤٦ پلەی سیلیزی ئەبێت و لەناوچەکانی گەرمیان لەنێوان ٤٥ بۆ ٤٩ پلەی سیلیزی ئەبێت.

ڕاشیگەیاند، ئاسمانی ھەرێم ساماڵ ئەبێت و لەناوچە شاخاویەکانی ڕۆژھەڵات و باکووری سنوری پارێزگای ھەولێر ئاسمان پەلە ھەور بۆ نیمچە ھەور ئەبێت و خێرایی ئاڕاستە بای ڕۆژئاوا چالاک ئەبێت لەکاتەکانی نیوەِرۆ بۆ ئێوارە.

لای خۆشیەوە، سادق عەتیە، شارەزای كەشناسی عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕۆژی هەینییەوە بەشێوەیەكی پلەبەندی پلەكانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن لە تەواوی وڵاتدا.

ڕاشیگەیاندووە، لە هەفتەی داهاتوودا پلەكانی گەرما لە ئاستی ئاسایی ساڵانەدا دەبن و خێرایی با بە درێژایی هەفتەكە چالاك دەبێت.