سەردێر

یەكەم وڵاتی عەرەبی بوو بە خاوەنی ڤاكسینی كۆرۆنای خۆی

خەڵك-
دوای ئەوەی ژمارەیەك وڵاتی جیهانی دروستكردنی ڤاكسینی كۆرۆنایان ڕاگەیاند، وەك یەكەم وڵاتی عەرەبی-ش كۆماری میسر دروستكردنی ڤاكسینی (سینۆفاك)ی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنای ڕاگەیاند.

هالە زاید، وەزیری تەندروستی میسر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی سەردانی كارگەكانی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنای كردووە، كە دوو كارگەن و سەر بە كۆمپانیای فاكسیران-ن”.

ڕاشیگەیاند، كارگەیەكیان كاردەكات بە توانای بەرهەمهێنانی 300 هەزار ژەم ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (سینۆفاك) لە یەك شەفتدا و دوای ئەوەی دەكرێت بە دوو شەفت دەبێتە 600 هەزار ژەم و لە ساڵێكیشدا بڕی 110 بۆ 220 ژەم ڤاكسین بەرهەم دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە كارگەی دووەمیان كاردەكات بە توانای بەرهەمهێنانی 3 ملیۆن ڤاكسینی ڕۆژنانە و یەك ملیار ڤاكسین لە ساڵێكدا.

وەزیری تەندروستی میسر ئاشكراشی كردووە، لە سەرەتای مانگی ئاب (8)دا بڕی 10 بۆ 15 ملیۆن ژەم ڤاكسین لە مانگێكدا بەرهەم دەهێنرێت و لە بەرهەمی میسری دەبێت و ئامانجیشمان خزمەتكردنی گەلی خۆمانە، كە 40 ملیۆن هاووڵاتییە.

كۆمپانیای (سینۆفاك) لە بنەڕەتدا چینییە و گرێبەستێكی لەگەڵ میسر ئەنجام داوە تاوەكو ئەو وڵاتە خۆی ساڵانە بڕی 40 ملیۆن ژەم ڤاكسین بەرهەم بهێنێت و بڕەكەشی لە 6 مانگی داهاتوودا بۆ 80 ملیۆن ژەم زیاد بكات.

لە ئێستادا بەریتانیا و ئەڵمانیا بە ڤاكسینی (ئەسترازینیكا) و ئەمریكا بە (فایزەر) و ڕوسیا بە (سبوتنیك) و چین بە (سینۆفاك) و ئێران-یش بە (كو ئیران بەرەكەت) بوونە خاوەنی ڤاكسینی كۆرۆنا.