سەردێر

عیراق ڕووی لە كەرەنتینەكردنی تەواوەتییە

ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا ڕووی لە زیادبوونە

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، گەڕانەوە بۆ كەرەنتینەی گشتی خەریكە دەبێتە واقیع لە سایەی زیادبوونی ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئاماژە بەو هەوڵانەش دەكات كە بۆ كوتانی زۆرترین ژمارەی هاووڵاتیان بە ڤاكسینی دژە پەتاكە خستوویەتیەگەڕ.


ڕیاز حەلەفی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایگەیاند”سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی، پشت بە ڕەوشی بڵاوبوونەوەی پەتاكە دەبەستێت، گەر ژمارەكە ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد بەشێوەیەكی خێرا، ئەوان چاو بە گرتنەبەری ڕێكارەكەدا دەخشێنرێت، عیراق وەك هەندێك لە وڵاتانی تر، تائێستا لە سەرەتای تەوژمی سێیەمی كۆرۆنایە، تائێستا وێنەیەكی ڕۆشن نییە سەبارەت بەم تەوژمە كە كەی تەشەنە دەكات یان بەهێزترە لە دوو تەوژمەكەی تر یان كاریگەریی كەمترە”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە ژمارەی تووشبوون لە ڕۆژێكدا 6 هەزار كەسی تێپەڕاند لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق، دوای ئەوەی لەماوەی هەفتەكانی ڕابردوودا ژمارەی تووشبوون لەنێوان 3 بۆ 4 هەزار كەسدا بوو.

وەزارەتی تەندروستی عیراق چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، عیراق چووە نێو تەوژمی سێیەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە توندتر و مەترسیدارترە لە دوو تەوژمەكەی پێشوو.