سەردێر

عیراق و هەرێم، ژمارەیەكی پێوانەیی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركرا

 

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 7300 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 4550 كەسیش چاكبوونەتەوە، 30 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 50 هەزارو902 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 7300 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی پێوانەیی تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و واست تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1810 لە بەسرە 1160 و لە واست 565 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە سلێمانی 273 حاڵەت و لە هەولێر 164 حاڵەت و لە دهۆك 286 حاڵەتی تووشبوونی نوێ‌ بە كۆرۆنا تۆماركراون”.
وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 4550 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و نەجەف بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 30 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 5 حاڵەتیان لە سلێمانی و 1 حاڵەت لە هەولێر تۆماركراون.