سەردێر

لە دەربەندیخان تونێلی نوێ دروست دەكرێت

خەڵك – یەحیا حبیب

پرۆژەی دروستكردنی تونێلی نوێی دەربەندیخان بڕیارە بەمنزیكانە دەستیپێبكرێت لەلایەن كۆمپانیایەكی توركییەوە.

لەو بارەیەوە بەختیار عەبدولڕەحمان، قائیمقامی شارۆچكەی دەربەندیخان لە لێدوانێكیدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، “ پێشتر بڕیار بوو بە پێی پڕۆژە كۆنەكە تونێلی هاوشێوە لە تەنیشتی تونێلی ئێستای دەربەندیخانەوە دروست بكرێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانی ئاڕاستەی ڕێگا دوو سایدەكە گۆڕاوە، چونكە لە ناوچەی چنارە و لە حەسەنە گەورەوە دێتە ئەمدیوی دەربەندیخانەوە و دەچێتەوە ناوچەی پیشەسازی شارۆچكەكە واتە ڕۆژئاوای دەربەندیخان”.

وتیشی، “كۆمپانیایەكی توركی ئەركی جێبەجێكردنی گرتووەتە ئەستۆ و لە ئێستادا سەرقاڵی دیزاینكردن و كارە هونەرییەكانی ئەو دوو تونێلەن، دوای تەواوبوونی كارەكانیان بە پێی ئەو گرێبەستەی كە حكوومەتی هەرێم دەیكات لەگەڵیاندا ئەوان دەستبەكار دەبن و لە دوای ئامادەبوونی نەخشە و دیزاینەكەی دەچێتەوە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن”.

بەختیار عەبدولڕەحمان دەڵێت، “ئەو كۆمپانیایە پێیان ڕاگەیاندین كە دەستیان بە كاركردن كرد لە ماوەی 2 ساڵ و 6 مانگ ئەگەر هیچ كێشەیەك نەیەتە پێشیان كارەكانیان كۆتایی دێت”.

قائیمقامی شارۆچكەی دەربەندیخان ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، “تونێلی ئێستای دەربەندیخان دەمێنێـت، بۆ هاتووچۆكردنی هاووڵاتییانی ناوچەی شەمێران، بەڵام نابێتە ڕێگەیەكی سەرەكی و پێمان وایە ئەگەر ڕێگا نوێیەكە تەواو ببێت هاووڵاتییان ئەم ڕێگا خراپە بەكار ناهێنن، چونكە ڕێگا نوێیەكە نزیكەی 9 كیلۆمەتر كورتتر دەبێتەوە ”.