سەردێر

كاتی دەستپێكردنەوەی دابەشكردنی نەوت ئاشكراكرا

سلێمانی ـ نزار جەزا
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ساڵی پار لەسەدا 20ی هاووڵاتیان نەوتی سپییان وەرگرتووە، بۆ ئەمساڵیش لەدوای مانگی 9وە لەو شوێنەوەی ڕاگیراوە دەست بەدابەشكردنەوەی دەكرێت.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەساز و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵانە حكومەتی عیراق وەك خێر بەشە نەوتی سپی بۆ بۆ هەرێم دەنێرێت.

وتیشی: لەمانگی 4ەوە دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی عیراقەوە ڕادەگیرێت، بۆیە لەهەرێمی كوردستانیش لەو بەروارەوە ڕادەگیرێت تاكو دوای مانگی 9 كە دەست بەدابەشكردنی دەكرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی پار لە چ گەڕەكێكەوە دابەشكرنی نەوتی سپی ڕاگیرابوو، لەئەوێوە دەستپێدەكاتەوە و دابەشكردنی نەوت درێژەپێدەری پێنج ساڵی ڕابردووە.

ئاشكراشیكرد، لەساڵی ڕابردوودا لەسەدا 20ی هاووڵاتییانی سنوری سلێمانی نەوتی سپی وەرگرتووە.

ئەمە لەكاتێكدایە لە 4-9-2019دا واتە سێ ساڵ پێش ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا “پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت”.

لەو ساڵەوە هاووڵاتییان چاوەڕێی بەرمیلێك نەوتن و بیریشیان چووەتەوە چەند ساڵ پێش ئەو بڕیارە نەوتیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا بەشێك لەهاووڵاتییان تەنها بەرمیلێك نەوتەیان وەرنەگرتووە.

حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەی نەوت دەفرۆشێت، بەڵام هاووڵاتییان چاوەڕێی دەستی بەغدان لەوەرزی زستاندا ڕۆژی دوو تەنكەر نەوتیان بۆ بنێرێت.