سەردێر

عەدنان حەمەد دەبێتە ڕاهێنەری هەڵبژاردەیەكى عەرەبی

خەڵك-
سەرلەئێوارەی سبەینێ‌ چوار شەممە، یەكێتی تۆپی پێی ئەردەنی، كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی بۆ پێشكەشكردنی عەدنان حەمەد ڕاهێنەری عیراقی سازدەكات، تا وەك ڕاهێنەری نوێی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەردەنی بیناسێنێت.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، ئاژانسی دەنگوباسی ئەردەنی ئاماژەی بە دەرچوونی بەیاننامەیەك كرد لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی وڵاتەكەوە كە تێیدا هاتووە”لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە بارەگای یەكێتی تۆپی پێ‌ سازدەكرێت، ڕاهێنەرە عیراقییەكە پێشكەش دەكرێت، تا باس لە وردەكاریی قۆناغی داهاتووی هەڵبژاردەی نیشتمانی بكات”.

وابڕیارە كۆنفرانسەكە بە ئامادەبوونی میدیاكان بێت، لەنێوەندی جێبەجێكردنی پرۆتۆكۆڵە توندە تەندروستییەكان، بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی.

یەكێتی تۆپی پێی ئەردەن، بڕیاریدا لەجێگەی ڤیتاڵ برۆكمانزی بەلجیكی كە دەستی لەكاركێشایەوە لە ئاكامی شكستخواردنی هەڵبژاردەی ئەردەن بۆ گەیشتن بە خولی یەكلاكەرەوە لە پاڵاوتنی جامی جیهانی، عەدنان حەمەد بۆ ئامادەكردنەوەی هەڵبژاردەكە بۆ قۆناغی داهاتوو دابنێت.