سەردێر

كارەبای نیشتمانی زیادكرا

خەڵك-
وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاشكرای دەكات، كە نزیكەی 400 مێگاوات بۆ تۆڕی كارەبای نیشتمانی زیادكراوە.

وەزارەتی كارەبای هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، 350 بۆ 400 مێگاوات كارەبا بۆ توڕی نیشتمانی كارەبا گەڕێندرایەوە.

ئاشكراشی كردووە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كێشەی پەستانی گازی سروشتی لە وێستگەی خورمەڵە چارەسەر كرا و بارودۆخی بەرهەمهێنانەكای ئاسایی بووەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەم هەوڵەی تیمەكانی هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان، كاریگەری بەسەر ئاسایی بوونەوەی دۆخی كارەبا دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر وەزارەتی كارەبای هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، لە ئێستادا 13 بۆ 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان دەدەن و خواستی كارەبا گەیشتۆتە 4500 مێگاوات لەكاتێكدا لە ئێستادا 3500 مێگاوات بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە لەدوای چارەسەركردنی كێشەی وێستگەی خورمەڵە پێدانی كارەبا زیاتر دەبێت.