سەردێر

سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی شارەزوور لە پۆستەكەی دوورخرایەوە

ڕوونكردنەوە دەدات

سلێمانی ـ نزار جەزا

سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی شارەزوور ڕایدەگەیەنێت، بەفەرمانێکی حزبی بەبێ هیچ هەڵبژاردنێک لەپۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

باکۆ حاجی حەسەن لێپرسراوی پێشووی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی شارەزوور لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەفەرمانێکی حزبی لەپۆستەکەی دوورخراوەتەوە. ئاماژەی بەئەوەشدا، لە ساڵی ۲۰۱٥ بەهەڵبژاردن و بەدەنگدانی ئاشکرا وەک بەرپرسی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی شارەزوور هەڵبژێردراوە، ئێستا ئامادەیە بەهەڵبژاردنێکی ئاشکرا پۆستەکەی بۆ کەسێکی دیکە چۆڵ بکات، بەڵام ناکرێت بەبڕیارێکی حزبی بەبێ هەڵبژاردن دووربخرێتەوە.

باسی لەئەوەشکرد، بیانووی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەیە کە لەپێنجوێنیش ئەو گۆڕانکارییە کراوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەو کەسەی پێنجوێن پۆستێکی دیکەی لەکەرتی حکومی پێدراوە، لەم کاتەشدا بەسروشتی دەبێت لەپۆستەکەی لابچێت. وتیشی: لایەنێکی حزبی دەمێکە داواکارە بچمە ناو ڕیزەکانیەوە، بەڵام ئامادەنەبووم، بۆیە دوورخراومەتەوە. دەشڵێت: داواکارم تاکو هەڵبژاردنێکی دیکەی پاک و بێگەرد لەپۆستەکەمدا بمێنمەوە.