سەردێر

كۆبوونەوەی پەڕلەمان لەبارەی مووچەو بودجەوە دەستیپێكرد

"كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەڕلەمان، كاریگەری لەسەر مووچە نابێت"

خەڵك-تەنیا هەورامی

كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان دەستیپێكرد و بەپێی نووسراوێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستانیش جگە لە خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیەك، گفتوگۆ لەبارەی لێبڕینی مووچە بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دەكرێت.

ئەندامێكی لیژنەی ياسايى لە پەڕلەمانی كوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەكەی پەڕلەمان كاریگەری لەسەر مووەی فەرمانبەران نابێت.

دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، ئەمڕۆ پەڕلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم گفتوگۆ دەكات لەسەر لێبڕینی مووچە دەكات، ئەمەش لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەڵێنەكەی خۆی لە دابەشكردنی مووچە كە 30 ڕۆژ جارێكە بباتەسەر و بەردەوامە لە لێبڕین و دواخستنی مووچە.

ڕوپاك ئەحمەد ئەندامی لیژنەی ياسايى لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی پەڕلەمان بۆ پرسی لێبڕینی مووچە ئەوكاتە كاریگەری دەبێت كە پەڕلەمان بڕیار بدات لێبرینی مووچە نەمێنێت.
وتیشی” گفتوگۆ و قسەكردن لە پەڕلەمان بە بەشداری حكومەت چەند جارێك دووبارە بووەتەوە و كاریگەری ئەوتۆی نابێت”.

ئاشكراشیكرد، ئێمە داواكارین پەڕلەمان بڕیار بدات ئەگەرنا تەنها گفتوگۆ هیچ كاریگەری نییە.