سەردێر

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 1ی ئەیلوول خوێندنی زانكۆ دەستپێدەكات

خەڵك

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی هەیە لە 1ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئاوێتە دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكاتەوە، ئەوەش دەخاتەڕوو، لە ساڵانی داهاتوودا گۆڕانكاری لە میكانیزمی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەكرێت.

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەكە عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەكە لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی هەیە لە 1-9-2021 دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكاتەوە بە جێبەجێكردنی سیستمی ئاوێتە”.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی وتیشی: پێشنیازە یاسایەكیان بۆ هەمواری یاسای زانكۆ تایبەتەكان ئامادەكردووە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش بۆچوونی “وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك لایەنی جێبەجێكار لەبەرچاودەگیرێت” و كاری رژدی لەسەر چارەنووسی سێ یەكەمەكان و وانەبێژانی خوێندنی باڵا و گرێبەست دەكرێت بۆ ئەوەی بە مافەكانیان بگەن، “ئەوەش دوای ئەوەی بودجە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “داوامان لە وەزارتی خوێندنی باڵا كردووە پێدانی مۆڵەتی خوێندن فەرمانبەرانی گرێبەستیش بگرێتەوە و لە كۆبوونەوەی داهاتوویشدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەو بابەتە تاووتوێ دەكەین بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست، كە ژمارەیان 26 هەزار فەرمانبەرە لە هەموو وەزارەتەكان لەو ئیمتیازە سوودمەندبن”.

سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا سەبارەت بە میكانیزمی وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە زانكۆ و پەیمانگەكان، وتی: “ئێمە و وەزارەتی خوێندنی باڵا پێمانوایە سیستمی وەرگرتنی ناوەندی بگۆڕدرێت و ئەو سیستەمە لەگەڵ جیهانی مۆدێرن ناگونجێت” بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرۆكایەتیی شاندێك دەكات بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیكە وەربگرن. رەنگە نەتوانن بۆ ئەمساڵ ئەم سیستمە بگۆڕن، بەڵام پشتیوان بە خودا بە هەوڵ و توانای هەموو لایەك بۆ ساڵانی داهاتوو 100٪ ئەو سیستمە گۆڕانكاری بەسەردا دێت”.

ناوبراو سەبارەت بە كەمی ماوەی نێوان تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم و خولی دووەم لە زانكۆ و پەیمانگەكان ئاماژەی بەوەكرد، “وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی “بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتوو پێداچوونەوەیەكی جیددی بۆ ئەو بابەتە بكەن و هەوڵبدرێت تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم بهێننە مانگی 5 و خولی دووەمیش بۆ مانگی 7 دوابخەن بۆئەوەی قوتابیان لەو ماوەیەدا بتوانن ئامادەكاریی باشتر بكەن”.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی لەبارەی كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆ تایبەتەكان، “وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدواداچوونی باشی لەسەر ئەو پرسە كردووە و ئێمەش بەداداچوونمان كردووە كە ئەمساڵ زانكۆ تایبەتەكان پابەند بوون بە كەمكردنەوەی كرێی خوێندن”.