سەردێر

نەورۆز یەكەمی ڕیزبەندی وەرگرتەوە

نزیكە لە گەیشتن بە خولی نایاب

خەڵك-
یانەی نەورۆز، یەكەمی ڕیزبەندی خولی تۆی پێی پلە یەكی عیراقی لە گەڕی یایزەدا وەرگرتەوە، دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوار شەممە بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێ‌ بەرانبەر لە سوقلشیوخی بردەوە و بە 24 خاڵ بووە یەكەمی گروپەكەی.

یانەی عەفەك بە جیاوازیی یەك خاڵ لە دوای یانەی نەورۆزەوەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی مەسافی باشوور لە بەسرە، بەبێ‌ گۆڵ بەرانبەرن بوون، بەمشێوەیە هەر یانەیەك دوو یاریی یەكلاكەرەوەی دەمێنێت و تێیاندا یانەی نەورۆز لەگەڵ هەریەك لە یانەی برایەتی و جنسیەی بەغدا یاریی دەكات.

مەحمود تەویل، سەرۆكی یانەی عەفەك، هۆشداریی دابوو لە گەمەكردن بە ئەنجامی پاشماوەی یارییەكانی خولی پلە یەك، داواشی لە یەكێتی تۆپی پێ‌ كردبوو، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ دوایین گەڕ بهێنێت.

یەكەمی دوو گروپەكە، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ خولی نایاب سەردەكەون و دوو دووەمەكەش یارییەك دەكەن و باراوەی یارییەكەش لەگەڵ خاوەنی پلەی 18ی خولی نایابی ئێستادا یارییەكی یەكلاكەرەوە دەكات كە لێوەی براوە لە خولی نایابی ساڵی داهاتوودا یاریی دەكات.