سەردێر

ئێران دەربارەی ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
ئۆفیسی وەرگرتنی ڤیزەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تاوەكو ئێستا بڕیاری لابردنی ڤیزە نەچۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و جەختدەكاتەوە، كە دەبێت هاووڵاتیان ڤیزە وەربگرن و ڕێگای زەمینی و ئاسمانی كراوەیە.

ئۆفیسی وەرگرتنی ڤیزەی ئێران لە هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەموو ئەو کەسانەی هاووڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانن و دەیانەوێت گەشت بکەن بۆ ئێران، پێویستە پێشتر ڤیزە وەربگرن.

جەختیشی كردۆتەوە، هاووڵاتیان بەبێ ڤیزە ناتوانن گەشت بکەن،هەروەها ڕێگەی زەمینی و ئاسمانیش کراوەیە و دەتوانن لەرێگەی مەرز و فڕۆکەخانەکانەوە گەشت بکەن بۆ ئێران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تاکو ئێستا ڤیزە هەڵنەگیراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ هەڵگرتنی دیاری نەکراوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، وەرگرتنی ڤیزەی ئێران كاتێكی زۆری پێناچێت و تەنیا ماوەی ٣ ڕۆژ بۆ 7 ڕۆژی کاری دەوێت.

لە هەفتەی ڕابردوودا حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ماوەتەواوبووی ئێران ڕایگەیاند، كە بڕیاریانداوە بۆ هاتنی هاووڵاتیانی عێراقی ڤیزە هەڵبگیرێت و بەبێ‌ ڤیزە سەردانی ئێران بكەن بەو مەرجەی حكومەتی عێراقیش هەمان بڕیار بدات.