سەردێر

لە سلێمانی فێڵێكی فرۆشتنی ئارد بە هاووڵاتیان ئاشكراكرا

خەڵك-
بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن قائیمقامیەتی سلێمانی كۆگایەكی ئارد دادەخات، كە ئاردی ماوەبەسەرچووی بەسەر هاووڵاتیاندا ساغكردۆتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەمڕۆ چوار شەممە (2021.6.23) لە ئەنجامی سەردان و پشكنیینە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنەگشتییەكان و پشكننی ئەو كاڵا و شمەك و خواردەمەنیانەی لەلایەن بازرگانەكانەوە بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت، لە كۆگایەكی ئارد (بێ ناو) دەستی بەسەر بڕێكی زۆر ئاری ماوەبەسەرچوودا گرتووە.

ڕاشیگەیاندووە، لەكاتی سەردان لیژنەی كۆگاكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ كۆگای ئاردەكە دەركەوتوە خاوەن كۆگاكە،‌ جارێكی دیكە ئاردە‌ ماوەبەسەرچووەكە دەبێژێتەوە و دەیكاتە ناو فەردەی نوێوە تا لەبازاڕەكاندا بەسەر هاووڵاتیاندا ساغیبكاتەوه.

به ‌فەرمانی قائیمقامی سلێمانی دەست بەسەر تەواوی ئاردەكەدا دەگیرێت و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناودەبرێت و هەروەها كۆگاكە دادەخرێت و خاوەنەكەشی ڕوبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاسایش و پۆلیس و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی سەجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شارەكە بەردەوام لەئەركدان و ئەندامانی لیژنەكانیش بەپێی شارەزایی و پسپۆڕێتی خۆیان پشكنین بۆ ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنیانە دەكەن رۆژانە لەلایەن دوكاندار و بازرگانەكانەوە بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

قائیمقامیەەتی سلێمانی داواشی لە هاوولاتیان كردووە، لەكاتی هەبونی سكاڵا یان پێدانی زانیاری بە قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەكان، پەیوەندی بە مۆبایلی ژمارە (07708677777)ـەوە بكەن.