سەردێر

وەزیرێكی هەرێم دوابڕیاری بۆ لێبڕینی مووچە ئاشكراكرد

خەڵك-ئارام سەردار
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان تەواوی پابەندی خۆی بە یاسای بودجەی عیراق جێبەجێ كردووە و دەشڵێت: “هیچ گۆڕانكارییەك لە داهات ڕووینەداوە تا لێبڕینی مووچە هەڵوەشێتەوە و ئەگەر پارەكەی بەغداش بێت ناتوانین ڕاستەوخۆ دەستكاری مووچە بكەین، چونكە خەرجیمان زۆرە”.

د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مافی هەرێمی كوردستان لەم ٢٠٠ ملیار دینارە زیاترە، كە بەغداد مانگانە دیاری كردوە بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرێت، هەرێمی كوردستان تەواوی پابەندی خۆی بە یاسای بودجەی عیراق جێبەجێ كردووە و دەبێ حكومەتی عیراق ئەو بڕە پارەیەی، كە بۆ هەرێم دیاری كراوە و بڕی ١١,٤ تریلۆن دینارە خەرج بكات.

دەشڵێت: “لەیاسای بوودجەی عیراق ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی بە ٦٠٠ هەزار مووچە خۆر لە قەڵەمدراوە، بەڵام ژمارەی فەرمانبەرانی ئێمە ٧٥٠ هەزار كەس دەبێت، كۆی گشتی مووچەخۆرانیش یەك ملیۆن و ٢٥٠ هەزار مووچە خۆرە”.

ڕوونیشی دەكاتەوە، دوای پەسەندكردنی پشكی هەرێم لەئەنجوومەنی وەزیران، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی هاتنی پارەین لە بەغداوە و تائێستاش هیچ گۆڕانكارییەك لە داهات و بەرزبوونەوەی داهاتی هەرێم ڕووینەداوە تاوەكو وەزارەتی دارایی سیستمی لێبڕینی مووچە هەڵوەشێنێتەوە.

جەختیشی كردەوە، ئەگەر ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی بەغداش بگاتە كوردستان، خەرجییەكانی هەرێم زیاترن لەو بڕە، بۆیە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ دەستكاری پێدانی مووچە بكرێت.

باسی لەوەشكرد، ڕێكارەكانی یاسای بوودجە پڕۆژە یاسای بوودجەی هەرێمی دواخست، بۆیە ئێستا بەپێی ئەو بڕیارەی، كە لە حكومەتی عیراقی دراوە بۆ ناردنی پارە و دوای ناردنی پشكی هەرێم ئێمە تەنها دەستكاری ژمارەكانی ناو ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم دەكەین و بۆ پەڕلەمانی دەنێرین.