سەردێر

ئەمریكا ڕاپۆرتێكی لەسەر مافەكانی مرۆڤ لە هەرێم بڵاوكردەوە

خەڵك-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاڕاپۆرتێك لەسەر ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و عێراق بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، كە یەكێتی و پارتی هێزی ئاسایش و دەزگای هەواڵگری خۆیان هەیە و دەشڵێت: “لە هەرێمی كوردستان پارێزگاكان بەشێوەی ناتەبا لێبوردن و جێبەجێ‌ كردنی حوكمەكانی یاسای تاوانیان جێبەجێ‌ كردووە.

كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڵاودەكاتەوە و لەو بەشانەی تایبەتە بە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، “دوو پارتە سەرەكییە كوردییەكە، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەزگای ئاسایی خۆیان هەیە، بەپێی دەستوری فیدڕاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی هەیە هێزی ئاسایشی ناوخۆی خۆی هەبێت، بەڵام یەكێتی و پارتی بو جودا كۆنتڕۆڵی یەكەی زیادەی هێزی پێشمەرگە دەكەن، هەروەها دەزگای هەواڵگری جودایان هەیە، كە بەناو لەژێر سایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستاندا ڕێكخراون”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لە هەرێمی كوردستان پارێزگاكان بەشێوەی ناتەبا لێبوردن و جێبەجێ‌ كردنی حوكمەكانی یاسای تاوانیان جێبەجێ‌ كردووە.

ڕشایگەیاندووە، تازەترین بەندیخانەكانی حكومەتی هەرێم لە شارە گەورەكان بەباشی بەڕێوە دەبرێن، بەڵام لە هەندێك بەندیخانەكانی ئاسایشی هەرێم و زیندانەكانی پۆلیس، دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم زۆر جار نەوجەوانان لە هۆڵی بچووك و هاوشێوەی گەوران دەهێڵنەوە و بەپێی ڕاپۆرتی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم لە مانگی ئەیلولدا 50 منداڵیان هێشتۆتەوە لە بنكەی چاكسازی ژنان و منداڵان لەگەڵ دایكە حوكمدراوەكانیان.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، حكومەتی هەرێم بە ناتەبایی ڕێكارەكانی پەیڕەو كردووە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ تۆمەتی پێشێلكاری لەلایەن ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ یان ئاسایش.

سەبارەت بە خۆپیشاندەران، كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر لە ڕاپۆرتەكەدا دەڵێت: “لە مانگی ئاب هێزەكانی ئاسایشی هەرێم بەلانی كەمەوە 50 خۆپیشاندەر، چالاكوان و ڕۆژنامەنووسیان دەستگیر كرد لە شارەكانی زاخۆ و دهۆك و چەندین چاودێر ئەم دەستگیر كردانەیان بە نایاسایی لەقەڵەمدا، یان لەبەر ئەوەی كەسەكان بەهۆی پیادەكردنی مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە دەستگیر كراون، یان لەبەرئەوەی دەسەڵاتداران مافی یاسایی بۆ بردنە بەردەم دادوەر لەماوەی 24 كاتژمێر نادیدەگرت”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا كونسوڵگەری ئەمریكا باسی شێوازی دەستگیر كردنی (مامۆستتا بەدەل بەرواری) دەكات و دەستگیركردنەكەی بە بە “بێ‌ فەرمان” وەسف دەكات.

دەشڵێت: “حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو خۆپیشاندەر و چالاكوانانەیان دەستگیر و زیندانی كردووە، كە ڕەخنەگری دەسەڵاتی ناوەندی و هەرێم بوون” و جەختیشی كردۆتەوە، هەردوو حكومەت دەست لە كاروباری ڕاگەیاندن وەردەدەن و هەندێك جار بۆتە هۆی داخستنی دەزگای ڕاگەیاندن، سوورداركردنی ڕووماڵ، ڕەتكردنەوەی دەستگەیشتن بە زانیاری گشتی و دەستوەردان لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت.

دەقی ڕاپۆرتەكەی كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر