سەردێر

دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران كرا

خەڵك-ئارام سەردار

بریكاری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ڕایگەیاند، لەئەمڕۆوە دەرگای سایلۆكان دەكەینەوە بۆ وەرگرتنی گەنم لەجووتیاران، هەوڵیش هەیە بۆ ئەو نرخەی دیاریكراوە لەوەرگرتنی گەنم بەهەرسێ پلەكەیەوە بڕی ٥٠ هەزار دینار زیاتر بكرێت، واتە گەتم بەنرخی گرانتر لەجووتیاران وەربگیرێت.

سەروەر كەمال بریكاری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەرگای سایلۆكان دەكەینەوە بۆ وەرگرتنی گەنم لەجووتیاران، پڕۆسەكەش نزیكەی ٤٥ ڕۆژ دەخایەنێت، بۆ هەر ناوچەیەكیش میكانزمێك دیاریكراوە.

دەشڵێت”لەكوردستان ٨ سایلۆ هەیە، كەتوانای كۆگاكردنی ٧٠٠ هەزار تۆن گەنمیان هەیە، چواریان لەسنوری سلێمانی و سایلۆیەك لەهەولێر و سێ سایلۆش لە دهۆك هەیە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عیراق ئەمساڵ ٣٧٥ هەزار تۆن بڕیاری لێدراوە گەنم وەربگیرێت، ١٠٩ هەزار تۆن لەهەولێر و سلێمانی ١٠٧ تۆن و هەڵەبجەش ١٧ هەزار تۆن و كەلار ٣٧هەزار تۆن، هەروەها دهۆك ١١١ هەزار تۆن دیاری كراوە گەنم وەربگرن”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، گەنمەكە لەڕێگای پڕۆسەیەكەوە بەسەر ٣٩ ئاش دابەش دەكرێت تاوەكو بكرێتە ئارد، نرخی گەنمیش بۆ پلە یەك ٥٦٠ هەزار و پلە دوو ٤٨٠ هەزار و گەمی پلە سێ ٤٢٠ هەزار دینار دیاری كراوە. هەوڵیش هەیە بۆ هەر یەكێكیان بڕی ٥٠ هەزار دینار زیاد بكرێت، بەڵام تائێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردن.

سەبارەت بەكاریگەری ووشكەساڵی ناوبراو وتی، ئەو گەنمەی لە كوردستان بەرهەم دێت زیاترە لەوەی ئێمە داوای دەكەین، بەشێكی زۆریش لەگەنم لەڕێگای ئاودان بەرهەم دێت.