سەردێر

نێچیرڤان بارزانی و ئیبراهیم ڕەئیسی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

خەڵك

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێران پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە ئیبراهیم ڕەئیسی كرد و “هیوای خواست لە سەردەمی سەرۆكایەتیی ڕەئیسیدا، پەیوەندییە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، زیاتر بەرەوپێش بچن.”

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەڕوو، نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتكردنەوەی سوپاس و پێزانین بۆ هاوكاری و پشتگیرییەكانی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا، هیوای خواستووە كە لە سەردەمی سەرۆكایەتیی ئیبراهیم ڕەئیسیدا، پەیوەندییە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بەرژەوە‌ندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، زیاتر بەرەوپێش بچن و بوارەكانی هاریكاری و هاوبەشیی نێوان هەردوولا فراوانتر ببن.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، ئیبراهیم رەئیسی، “خۆشحاڵی و سوپاسی خۆیانی بۆ پەیوەندی و پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و هیوای بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەكان و هاریكاریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان خواست.”

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 21/6/2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆكی نوێی كۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.

لە پەیوەندییەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆك ڕەئیسی كرد كە لەلایەن گەلانی ئێرانەوە بە سەرۆك كۆماری نوێی وڵات هەڵبژێردرا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، وێڕای دووپاتكردنەوەی سوپاس و پێزانین بۆ هاوكاری و پشتگیرییەكانی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان لە رۆژە سەختەكاندا، هیوای خواست لە سەردەمی سەرۆكایەتیی سەرۆك ڕەئیسیدا، پەیوەندییە مێژوویییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای بەرژوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش، زیاتر بەرەوپێش بچن و بوارەكانی هاریكاری و هاوبەشیی نێوان هەردوولا فراوانتر ببن.

لای خۆیەوە سەرۆك ئیبراهیم ڕەئیسی، خۆشحاڵی و سوپاسیی خۆیانی بۆ پەیوەندی و پیرۆزباییی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و هیوای بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەكان و هاریكاریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان خواست.