سەردێر

فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەنراوێكی هاوبەش بڵاودەكەنەوە

خەڵك
هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنن، پێكهێنانی هاوپەیمانیەك بەناوی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق پێگەی كورد هەم لەبەغدا و هەم لە هەرێم بەهێزترو سەنگینتر دەكات.

هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق قۆناغێكی سیاسی نوێیە بەھیواین بچێتە خزمەتی ھاووڵاتیانی كورستان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك.

بەیاننامەی هاوبەشی فراكسیۆنەكانی
(یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
هاونیشتمانیانی ئازیزی هەرێمی كوردستان وەك دەزانن چەند ساڵێكە خەڵكی بەشمەینەتی هەرێم بەكۆمەڵێ قەیران و نەهامەتی جۆراوجۆرا تێپەڕی و تاكو ئێستاش بەشێك لەو بارودۆخە نالەبارانە بەردەوامە كەیەكێك لەوانە كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندە .
بۆیە ئەمڕۆ هەردوو حیزبی دیاری ناو گۆڕەپانی خەباتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی وەك هەستكردن بەبەرپرسیارێتی سیاسی و مێژوویی هەستان بەپێكهێنانی هاوپەیمانیەك بەناوی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق كەئەم یەك لیستیە پێگەی كورد هەم لەبەغداو هەم لەهەرێم بەهێزترو سەنگینتر دەكات بۆیە لێرەوە بەناوی هەردوو فراكسیۆنەكەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ ئەم دەستكەوتە سیاسیەو داواكارین تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانی كوردستان بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن كەهەموو دەزانین یەك لیستی بۆ كورد لەبەغدا زیاترو باشتر مافە ڕەواكانی كورد مسۆگەر دەكات .
ھیوای سەركەوتن بۆ ھاوپەیمانی كوردستان و ھیوای پابەندبوونی ھەردوولا بە وردەكاریەكانی ڕێكەوتنەكە دەخوازین .
دیارە ئەمە قۆناغێكی سیاسی نوێیە بەھیواین بچێتە خزمەتی ھاوڵاتیانی كورستان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك.
ھیوادارین ھەموو ئەو كێشەو گرفتانەی كەهەبوون بكرێتە قوربانی خزمەتكردنی ھاوڵاتیان و خاكی ھەرێمی كوردستان ، دەست لەدەست پێكەوە دەسپێكێكی نوێی كاری هاوبەشی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی ئومێدو هیوا بۆ خەڵكی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە بێتە ئاراوە.
فراكسیۆنەكانی (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
٢٠١٢/٦/٢١ سلێمانی