سەردێر

پارتی: جموجوڵەكانی پەكەكە لە شارباژێڕ ئاڕاستەی هێرشەكانی توركیای گۆڕیوە

سلێمانی ـ نزار جەزا

بەرپرسێكی پارتی ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ جموجوڵی سەربازی ناوچە سنوورییەكان نین، بەڵام ئەمە لەدەسەڵاتی پارتیدا نییە و پێویستە حكومەتی عیراق هەڵوێستی هەبێت.

ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هیچ كەسێك خۆشحاڵ نییە بە لەشكركێشییەكانی توركیا یان ئێران یان هەر لایەنێكی دیكە بۆسەر خاكی هەرێم.

وتیشی”ئێمەش هاووڵاتی ئەم هەرێمەین و ئەم دۆخەمان پێناخۆشە”.

ئەوەشی باسكرد، جموجوڵەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەشارباژێڕ وایكردووە ئاڕاستەی هێرشەكانی توركیا بگۆڕێت بەرەو شارباژێڕ، ئەگەرنا پێشتر بۆچی توركیا هێرشی نەدەكردەسەر ئەو سنوورە.

دەشڵێت”توركیا هەستی بەوەكردووە برادەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان جموجوڵیان هەیە، هەربۆیە هاوشێوەی بادینان لەم سنوورەش بیانوو دراوەتە دەست توركیا كە هێرش بكاتەسەر ئەو ناوچەیە”.

ئەوەشی باسكرد، پارتی لەگەڵ ئەوەنییە لەهیچ شوێنێكی كوردستان جموجوڵی سەربازی هەبێت، بەڵام ئەمە لەدەسەڵاتی پارتیدا نییە و پێویستە حكومەتی عیراق هەڵوێستی لەسەر ئەم هێرش و جموجوڵانە هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هێرشانە نابنەهۆی لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان، چونكە هەموو شەڕێك كۆتایی هەیە و شەڕی نێوان پەكەكە و توركیاش كۆتایی دێت، هەروەها وڵاتانی دیكەش دەبنە بەشێك لەچارەسەر.

ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەكانی ڕابردوودا ناوچەی شارباژێڕ كە جێ نفوس و جێ خەباتی لەمێژینەی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، ئێستا كەوتووەتە بەر هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا و بەهۆیەوە دەیان كەس برینداربون و ژیانیان لەدەستداوە.