سەردێر

ململانێكان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار گەرم دەبن

رەنگ ئەمجارە پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێتەوە بە كورد

خەڵك- ئارام سەردار

چاودێرێكی سیاسی لەبارەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار و ململانێی لایەنەكان لەسەی ئەو پۆستە ڕایدەگەیەنێت، سەرۆك كۆمار یەك لەئەرك و دەسەڵاتە گرنگەكانی پاراستنی دەستورو مافی نەتەوەو پێكهاتەكانە كە لەدەستوری عیراقدا هاتووە، بۆیە ئەو پۆستە گرنگە لای كورد بمێنێتەوە.

ئارام عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی لەبارەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، سەرۆكی كۆمار گرنگ و پێویستە بۆ كورد، بێگومان لەبەرئەوەی سەرۆك كۆمار یەك لەئەرك و دەسەڵاتە گرنگەكانی پاراستنی دەستورو مافی نەتەوەو پێكهاتەكانە كە لەدەستوری عیراقدا هاتووە، بۆیە ئەو پۆستە گرنگە لای كورد بمێنێتەوە باشە.

دەشڵێت، لەدوای پڕۆسەی ئازادكردنی عیراق تا ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كورد بووە، لەبەر ئەوەی پێكهاتەی شیعە زۆرینەیە لەعیراق پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ ئەوانە، لە ساڵی ۲٠٠٥ەوە سەرۆكایەتی كۆماری بۆ كورد یەكلابۆوە كە ئەوكات مام جەلال لەگۆڕەپانی سیاسی بوو هەم كورسی سەرۆك كۆمارو هەم عیراقیەكان پێویستیان پێی هەبوو.

ئەوەش دەخاتەڕوو، ئێستا گوایە لەلایەن لایەنێكی سەرەكی هەرێم هەوڵێك هەیە سازش بۆ سوننەكان بكرێت بۆ ئەو پۆستە ئەویش بەپێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەڕلەمان، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین لایەنێكی سیاسی بەتەنها نوێنەرایەتی كورد ناكات تابتوانی بەئارەزووی خۆی ئاڵوگۆڕ بەپۆستە سیادییەكاندا بكات، لەهەمان كاتدا سوننەكان بێئاگایی خۆیان لەهەوڵێكی لەو جۆرە ڕاگەیاندوەو ڕەتی دەكەنەوە، شیعەكانیش ئەو هەوڵە ڕەتدەكەنەوە.

باس لەوەش دەكات، لەوانەیە كەمینەیەك لەشیعەكان بیانەوێ لەگەڵ لایەنێكی سیاسی بۆ هەندێك بابەت ڕێكبكەون بەڵام زۆرینە نین، جارێ بابزانین ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو كە بڕیارە لە ۱٠/۱٠ئەنجام بدرێت چۆن دەبێت، ئەو كات باس و خواس لەسەر ئەو بابەتانە گەرم دەبێت.