سەردێر

بڕیار بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لە دەستی خامنەییە نەك رەئیسی

خەڵك-

ڕاوێژكارێكی ئەمنی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاشكرایدەكات، عەلی خامنەیی بڕیاری ئەوە دەدات، ئێران بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی یان نا.
جیك سالیوان ڕاوێژكاری ئەمنیی و نەتەوەیی ئەمریكا سەبارەت بە دەرچوونی ئیبراهیم ڕەئیسی وەك سەرۆك كۆماری ئێران بە (CNN)ی ڕایگەیاند، بڕیاردان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەلایەن سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێرانەوە نییە، بەڵكو لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوەیە.

وتیشی”لە ئێستادا هەموو هەوڵەكانی ئێمە بۆ ڕێگریكردنە لەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم، بۆ ئەمەش ڕێگای دیبلۆماسی بە باش دەزانین نەك ڕێگای سەربازیی”.

ئەمریكا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدایە بە هاوكاریی چەند وڵاتێك، ئەمەش لەكاتێكدایە لە ساڵی 2018 ئەمریكا لەو ڕێككەوتنە كشایەوە و ساڵێك دوای ئەو وادەیەش ئێران لەو ڕێككەوتنە كشایەوە و كاركردنی خۆی لە بواری ئەتۆمی وڵاتەكەی درێژە پێدا.