سەردێر

دوو هێڵی ئاوی خواردنەوە بۆ چەمچەماڵ ڕادەكێشێرێت

خەڵك-
كۆمپانیایەكی ئەڵمانی ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەر كردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی شارۆچكەی چەمچەماڵ و دەورووبەری ڕادەگەیەنێت و ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەكانی وەرگرتووە و چاوەڕێی دواین بڕیار لە حكومەتی هەرێمەوە دەكرێت.

دیلمان عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمرۆ لەسەر بانگھێشتی سەرۆكی ئەنجوومەن و ئامادەبونی لیژنەی شارەوانی و پلان و پڕۆژەكان پێشوازیمان كرد لە نوێنەرایتی فەرمی كۆمپانیای (GAUFF)ی ئەڵمانی سەبارەت بە دەرخستەی ژمێریاری و هونەریەكانی پڕۆژەكەیان، كە تایبەتە بە دروست كردنی پڕۆژەی ئاوی (گۆپتەپە- چەمچەماڵ.

ڕاشیگەیاند، بەپێی پڕۆژەكە دوو هێڵی ئاوی خواردنەوە بۆ چەمچەماڵ و دەورووبەری ڕادەكێشرێت و كێشەی ئاوی خواردنەوە چارەسەر دەبێت و ئەو كات ئەو ئاوەی لە هێڵی دوكان- سلێمانی-یەوە دەچێت بۆ چەمچەماڵ دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و بڕی ئاوی خواردنەوەش لە سلێمانی زیاتر دەكات.

ئاشكراشی كرد، دوای گفتوگۆیەكی زۆر تێگەیشتین، كە پڕۆژەكەیان زۆر گرنگە و كێشەی كەمی ئاوی چەمچەمال و دەوروبەری چارەسەردەكات، بۆیە پشتیوانی ئەنجومەنمان بۆ ڕاگەیاندن، چونكە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕەزامەندییان لەسەر داوە و لە ئێستادا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و چاوەڕێی بڕیاری كۆتایی دەكرێت، كە لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتەوە دەربكرێت.

وتیشی، “كۆمپانیاكە دوو جۆر گرنتی داوە بۆ پڕۆژەكە، كە یەكێكیان (٥٠) ساڵ ئەوی تریان بۆ (١٠٠) ساڵ بەدووهێڵی ڕاكێشانی ئاو، كە دڵنیایی دەدات هیچ جۆرە ئاستەنگێك دروست نابێت و بەهیچ جۆرێك پێویستی بە بەكارهێنانی (كلۆر) نابێت و ئاوێكی زۆر پاك و خاوێن دەگەیەنێت بە هاووڵاتیانی سنوورەكە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمپانیاكە بەڵێنی ئەوەی داوە دوای تەواوكردنی پڕۆژەكە لەماوەی كەمتر لە (٢) ساڵدا پارەكەیان بۆ ماوەی (١٠) ساڵ لەح كومەت وەربگرنەوە و ئەگەر پڕۆژەكەیان بۆ دەربچێت ئەوا نەخۆشخانەیەك لەسەر حسابی خۆیان بۆ چەمچەماڵ دروست دەكەن.

جەختیشی كردەوە، پارەی پڕۆژەكە هەرچەند زۆرە حكومەتی ئەڵمانی دابینی كردوە بۆ كۆمپانیاكە بەقەرز، بەڵام خزمەتێكی یەكجار زۆر بە سنوری چەمچەماڵ دەكات و كۆتایی بەخەمی كەم ئاوی دێنێ لەسنورەكە، بۆیە هیوادارین حكومەت وەڵامی مژدە بەخشی هەبێت بۆ ئەم كۆمپانیایە.