سەردێر

تەنها كەركوك پارێزگارەكەی نوێنەرایەتیی پێكهاتەی سەرەكی شارەكە ناكات

كەركوك زۆرینەی كوردە و عەرەبێك پارێزگاریەتی

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، حزبەكانی كەركوك هیچ كاریگەرییەكان لەمەڕ كێشەكانی پارێزگاكە نییە.
دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كورد لە پارێزگای كەركوك هیچ دەسەڵاتێكی نییە، بەشێوەیەك بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردنەكان پارێزگاری و چەندین پۆستی باڵا بۆ كورد بوو، بەڵام دوای ئەوەی هێزەكانی عێراق هاتنە شارەكە، كورد سەرجەم پۆستەكانی لەدەستدا و تاكو ئێستاش نەتوانراوە هیوایەك بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستانە و گەڕانەوەی دەسەڵاتی كورد لە شارەكە دروست بكرێت.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ساڵی 2017ەوە حزبەكانی كەركوك كۆدەبنەوە، بەڵام بەداخەوە كاریگەریمان نەبووە لەسەر سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێم و پەڕلەمانی عێراق و هەرێم.

وتیشی”چەندین ڕاسپاردەمان داوەتە ئەو شەش لایەنەی عێراق و هەرێم، بەڵام تاكو ئێستا هیچ هەڵوێستێك وەرنەگیراوە كە بۆچی تەنها پارێزگایەك لە عێراق كە كەركوكە پارێزگارەكەی نوێنەری پێكهاتەی سەرەكی ناكات كە كوردە، بۆچی لە موسڵ و تكریت پارێزگاریان گۆڕی بۆچی تەنها ئەم سیاسەتە چەواشەكارییە بەرانبەر بە كورد دەكرێت”.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییە كوردەكانی كەركوك بەتایبەت یەكێتی و پارتی نەتوانراوە پۆستەكانی كورد وەربگیرێنەوە، و تاكو دێت پڕۆسەی تەعریبیش لەلایەن پارێزگارەكەی كەركوك بەردەوامی پێدەدرێت.