سەردێر

پۆلیسی ڕاپەڕین: بكوژی گەنجەكەی حاجیاوا دەستگیركرا

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت: تۆمەتباری ڕووداوەكەی 21/4/2021 حاجیاوا كە تێیدا گەنجێك كوژرا دەستگیركرا، بكوژەكەش دانی بەوەداناوە كە ژنی كوژراوەكە و خەسوی لەبەرامبەر بڕی ٢٢٧٠٠ دۆلاری ئەمریكایی ئەو كارەیان پێكردووە.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە ڕێكەوتی ٢١ /٤/ ٢٠٢١ نزیك كاتژمێر ١٠ی شەو لە شارەدێی حاجیاوا هاووڵاتی (س،خ،پ) لەدایكبووی ساڵی ١٩٨٨ پیشەی كاسب دانیشتوی حاجیاوا/ دابان لەنزیك ماڵەكەی خۆی درایە بەر دەستڕێژی گوللە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا، و لەهەمان كاتدا ڕێكاری یاسایی گیرایەبەر و مەلەفی لێكۆڵینەوە كرایەوە. دواتر ٢ تۆمەتبار دەستگیركران كە یەكێكیان خێزانی كوژراوەكە و ئەوەی تریان خەسوی كوژراوەكە بوو بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسایی سزادانی عیراقی ڕاگیران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لە كامێراكانی چاودێری كردن، لەلایەن بنكەی پۆلیسی حاجیاوا و بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی ماكۆك و بە هاوكاری ئاسایشی حاجیاوا بكوژی سەرەكی ڕووداوەكە بەناوی (س،ێ‌،ێ‌ ) دەسگیركرا و بە هەمان ماددە بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە ڕاگیرا.

ڕوونیش كراوەتەوە، دوای ئەوەی بەڵگەی تەواو و كۆكرایەوە لە دژی تۆمەتباری سەرەكی (س،ێ‌،ێ‌) بەڵام لەسەرەتادا نكۆڵی دەكرد وە دوای لێكۆڵینەوەی زیاتر و وردەكاری زیاتر و خستنە ڕووی بەڵگەی زیاتر، تۆمەتبار (س،ێ‌،ێ‌) لە ئێستا دانی ناوە بەتاوانەكەیدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشكردووە، لەئێستادا تۆمەتبار (س،ێ‌،ێ‌) لە بەردەم پۆلیس و دادگا دانی نا بەتاوانەكەی، بە وتەی خۆی دەڵێت كە لەگەڵ خێزانی كوژراو ڕێك كەوتووە كە لە بەرامبەر بڕی ٢٢٧٠٠ دۆلاری ئەمریكی لە خێزانی كوژراو وەربگرێت و مێردەكەی بۆ بكوژێت، وە ئەوەبوو لەبەرواری ٢١ /٤/ ٢٠٢١ نزیك كاتژمێر ١٠ی شەو تاوانی كوشتنەكەی ئەنجامدا. وە تۆمەتباری ناوبراو لەگەڵ خێزانی كوژراو و خەسوی كوژراو بەهەمان ماددەی یاسایی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە.