سەردێر

لەبەر چەند هۆكارێك نرخی دۆلار دانابەزێت

لیژنەی دارایی باسیان دەكات

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ئەو هۆكارانەی ڕێگرن لەبەردەم گۆڕین و كەمكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار و گێڕانەوەی بۆ نرخی ساڵی ڕابردوو، ئاشكرا دەكات.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”حكومەت لەئێستادا ناتوانێت نرخی خەرجی دۆلار بگۆڕێت، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێك كە گرنگترینیان، لاوازیی ئابوری وڵاتە، تەنانەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش، بەڕەچاوكردنی ناجێگیربوونی نرخەكەی كە دڵنیانیین لەوەی نرخەكەی لەم ئاستەدا بەردەوام دەبێت یان كاتییە و گۆڕانكاریی بەسەردا “.

 

بە وتەی جەمال كۆچەر”هەروەها هۆكارێكی تری كەمنەكردنەوەی نرخی دۆلار، ئەو گرێبەستانەیە كە دەدرێنە بەڵێندەران و كۆمپانیاكان، چونكە جیاوازیی دروست دەبێت لەحاڵەتی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار، بۆیە دەبێت حكومەت لە گرێبەستەكان و ئەو بڕە پارانەی خەرجییان دەكات دادپەروەر بێت”.

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”لەحاڵەتی كەمكردنەوەی نرخی خەرجی دۆلار لەماوەی هەر سێ‌ مانگێكدا، دەبێتە مایەی لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتیان بە بانكی ناوەندی، لە هەمان كاتدا عیراق وەك وڵاتێكی بەكاربەر و هاوردەكەری كاڵاكان بە دۆلار، لەحاڵەتی یاریكردن بە نرخی خەرجەوە، ناجێگیربوون لە بازاڕدا دروست دەبێت”.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان عیراق، بەڵام پەیوەندییەكان بێ‌ وەڵام بوون.