سەردێر

چوار تاوانباری كوشتارگەكەی سپایكەر دەستگیركران

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئینتەرپوڵی عیراقی، دەستگیركردنی 4 تاوانباری كوشتارگەكەی سپایكەر ڕادەگەیەنێت.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەلایەن لیوا سادق فەرەج عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئینتەرپوڵی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”4 كەس لەوانەی بەشدارییان لە تاوانەكەی سپایكەردا كردووە، لە چەند وڵاتێكی ئەوروپایی دەستگیركران”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”تاوانباری پێنجەمیش كە دەستی لەو تاوانەدا هەبووە، هەفتەیەك لەمەوبەر لە توركیا دەستگیراوە”.

لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای ئەوەی ڕێكخراوی داعش شاری تكریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدینی كۆنترۆڵ كرد، زیاتر لە 1700 خوێندكاری هێزی ئاسمانی عیراقی لە بنكەی سەربازی سپایكەر بەدیل گيران و دوابەدوای ئەوەش بە چەند وەجبەیەك لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوەكەوە بەشێوەیەكی دڕندانە، لە نزیك سەربازگەكە و لە كۆشكەكانی سەرۆكایەتی لە تكریت بە دەستڕێژی گوللـە قەتڵوعامكران.