سەردێر

دادوەرێكی دادگایی كردنەكەی سەدام: 95%ی سیاسییەكانی عیراق گەندەڵن

بەرهەم ساڵح: عیراق هەزار ملیار دۆلاری لەدەستداوە

خەڵك-
مونیر حەداد، یەكێك لە دادوەرانی دادگایی كردنەكەی سەدام حسێن سەرۆكی لەسێدارەدراوی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 95%ی سیاسییەكانی عیراق لە كەیسی گەندەڵیدا تێوەگلاون.


حەداد لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”زیاتر 95%ی ئەوانەی لەگۆڕەپانی سیاسیدان، كێشەی سیاسییان هەیە و لە كەیسەكانی گەندەڵی تێوەگلاون، بەڵام هیچ سەلماندێكی تەواوەتی لەدژی نەهەنگە گەورەكانی گەندەڵی لەبەردەست نییە”.

بە وتەی ئەو دادوەرە”تانەدان لە دادوەریی كێشەیەكی گەورەیە، بەڵام دادوەری ئازا و دادگاكانمان هەیە، ئاشكراشە لای هەموان دادوەریی لە عیراق كەوتۆتە ژێر گوشار و دەستوەردانی سیاسی”.

پێشتر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ڕاگەیاندبوو، عیراق لە دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام حسێن لە ساڵی 2003، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، هەزار ملیار دۆلاری لەدەستداوە.