سەردێر

فەرمانبەران داوای گێڕانەوەی لێبڕینی مووچەی مانگەكانی ڕابردوو دەكەن

خەڵك-
لەگەڵ بڕیاری حكومەتی عێراق بۆ ناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و هەژماركردنی ئەو پارەیە لە سەرەتای ساڵەوە، فەرمانبەران هەڵمەتێكیان بۆ گێڕانەوەی لێبڕینی مووچەی 5 مانگ ڕاگەیاند و وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی-ش دەڵێت: “لێبڕینی مووچە هیچ پاساوێكی نامێنێت”.

عێراق بەشە بودجەی 6 مانگ دەنێرێت
شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بەشە بودجەی مانگانە بە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و لە 1-1-2021ەوە هەژمار بكرێت بەپێی یاسای بودجە.

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ 6 مانگی ئەمساڵ بڕی ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بەپێی یاسای بودجەش لە ماددە 11دا هاتووە، “ئەو پارەیەی ڕەوانەی هەرێم دەكرێت ئەولەویەتی یەكەمی بۆ مووچەی فەرمانبەران دەبێت”.

لای خۆشیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “خۆشحاڵم، كە ڕایبگەیەنم، كە لەگەڵ بەغدا گەیشتووینەتە ڕێككەوتنێك، كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بگەڕێنرێتەوە، ئەمەش لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە حساب دەكرێت”.

حكومەتی هەرێم لێبڕینی مووچە هەڵدەوەشێنێتەوە؟
لەگەڵ بڕیارەكەی حكومەتی عێراق، فەرمانبەران داوای هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچە دەكەن و حكومەتی هیرێمیش تا ئێستا بەردەوامە لە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران و هیچ بڕیارێكی نەداوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی، تەنها لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە ڕایگەیاند، كە هەموو هەوڵێك دەدەن لێبڕینی مووچە نەمێنێت.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوار شەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدان، كە بەبێ لێبڕین مووچە بدرێت و زۆر پەرۆشی دابەشكردنی مووچەین بەبێ لێبڕین، بەڵام جارێ‌ نازانین كەی و چۆن پارەكەی بەغدا دێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەندێك حساب هەیە لە لێدەركردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی و نازانن، كە لێبڕین دەمێنێت یان نا” ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر وتەبێژی حكومەت لە لێدوانێكی بۆ میدیاكان ڕایگەیاندبوو، كە بۆ لابردنی لێبڕینی مووچە پێویستیان بە 180 ملیارە.

لای خۆشیەوە، بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی لێدوانی وتەبێژی حکومەت، بۆ ئەوەی لێبڕینی مووچە نەمێنێت پێویستیان بە ١٨٠ ملیار دینارە، واتە لەئەگەری هاتنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغداد، ئیتر پاساوی لێبرینی مووچە نامێنێ.

فەرمانبەران داوای گێڕانەوەی پارە لێبڕاوەكە دەكەن
لە گەڵ بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ ناردنی پارەی 6 مانگی ئەمساڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، فەرمانبەرانی هەرێمیش لە تۆڕە كۆمەلایەتییەكانەوە هەڵمەتێكیان ڕاگەیاندووە و جەختدەكەنەوە، كە لەگەڵ گەیشتنی پارەكە دەبێت حكومەتی هەرێم پارەی لێبڕاوی مووچەی 6 مانگی ئەمساڵ بەم مانگەشەوە بداتەوە بە فەرمانبەران.

فەرمانبەران دەڵێن: “حكومەت داوای پابەندبوونمان بە دەوام دەكات و هەر فەرمان دەردەكات، بەڵام پێویستە مافەكانیشمان وەك خۆی بدات لە مووچەی تەواو و هەڵوەشاندنەوەی لێبڕین و پێدانەوەی پلەبەرزكردنەوە، كە 7 ساڵە ڕاگیراوە”.