سەردێر

بڕیاری ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە چۆن درا؟

خەڵك-
وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عێراق وردەكاری دەركردنی بڕیاری ناردنی 200 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقەوە ئاشكرادەكات و دەڵێت: “ئیتر پاساوی لێبرینی موچە نامێنێ”.

بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عێراق لە ڕوونكردنەوەیەكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، دوێنێ لەدوای کۆبونوەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، بڵاوکرایەوە کە مانگانە ٢٠٠ ملیار بۆهەرێم دەنێرن، بەڵام لەڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەمە باس نەکراوە، خۆی هەر باس نەکردنی ئەوەی پارە بۆ هەرێم دێت لە بەیاننامەكەدا جێگەی سەرسورمان و پرسیارە.

ڕاشیگەیاندووە، دیارە عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عیراق کە دەبێت ئەو واژۆ لە تەمویلکردن بدات، هەتا پێش کۆبوونەوەکە وتویەتی من لەدەرەوەی یاسای بودجە پارە نانێرم و دەبێت هەرێم فەقەرەکانی تایبەت بەمادەی ١١ جێبەجێ بکات و بەجێبەجێکردنیشی هەرێم دەبێت ١٠٠ ملیار بداتە بەغداد، چونکە نرخی نەوت بەرزە و داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل و تەسلیمکردنی نیوەی داهاتی نانەوتی بەقەولی عەلاوی هەر وادەکات.

دەشڵێت: “بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی باسکردم، بەبێ دەنگدانی وەزیری دارایی لەئەنجوومەنی وەزیران دەنگ دراوە بەناردنی ٢٠٠ ملیار دینار مانگانە، هەتا ئەو کاتەی کەهەرێم بڕگەكانی یاسای بودجە جێبەجێ دەکات، بەشێوەی مقاسە بدرێ و دواتر حەق و حساب بکەن”.

سەبارەت بەوەی چۆن بوو کازمی و ئەنجوومەنی وەزیران بەبێ دەنگدانی وەزیری دارایی ئەم دەنگەیان دا؟ بەختیار شاوەیس دەڵێت: “سائیرون و کازمی پەلەپروزەی هەڵبژاردنی پێشوەختیانە، بەحساب نایانەوێ کێشەیان هەبێ و بۆ ئەمە چاوپۆشی دەکەن، هەورەها گوشاری سیاسی لەماوەی ڕابردوو لەسەر بەغداد چرکرایەوە، پەیامی هاوسەرۆک شێخ لاهور وەک تەواوکەری سەردانی شاندی باڵای یەکێتیی بەسەرۆکایەتی هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەهەفتەی پێشتر بۆ بەغداد نمونەی گوشارەکانن، بەڵام لەمانەش گرنگتر بەردەوامی ئەم گوشارە سیاسیانەیە بۆ نەهێشتنی لێبڕینی مووچە”.

وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی جەختیشی كردەوە، بەپێی لێدوانی وتەبێژی حکومەت، بۆ ئەوەی لێبڕینی مووچە نەمێنێت پێویستیان بە ١٨٠ ملیار دینارە، واتە لەئەگەری هاتنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغداد، ئیتر پاساوی لێبرینی مووچە نامێنێ.