سەردێر

كوردستان میوانداریی پاڵەوانێتییەكی دەگمەن دەكات

هەڵبژاردە عەرەبييەكان بەشداریی دەكەن

خەڵك-
هەرێمی كوردستان میوانداریی پاڵەوانێتی فڕۆكەوانی پەڕەشوت دەكات كە وەرزشێكى دەگمەنە لە عیراق.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن حامید ڕەعد سەرۆكی یەكێتی عیراقی بۆ وەرزشە ئاسمانییەكان بڵاوكرایەوە”پاڵەوانێتی عەرەب بۆ وەرزە ئاسمانییەكان، لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان سازدەكرێت”.

بە وتەی ڕەعد”كێبڕكێی پاڵەوانێتییە عەرەبییەكە، چوار چالاكی لەخۆدەگرێت كە بریتین لە فڕین بە پەڕەشوت، بازهەڵدان لە هێلیكۆپتەر، هاتنەخوارەوە لە بەرزاییەكانەوە بە پەڕەشوت، فڕینی پەڕەشوت بە پایسكیلەوە، وێڕای یاریی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان”.

یەكێتی نێودەوڵەتی بۆ وەرزشە ئاسمانییەكان، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی چالاكییەكانی پاڵەوانێتییەكە دەكات كە چاوەڕوان دەكرێت 12 هەڵبژاردەی عەرەبی بەشداریی تێدا بكەن.