سەردێر

لە بەغداوە لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-
دوو ئەندامی كوردی لیژنەی نەزاهە لە پەڕلەمانی عێراق ڕوونكردنەوەیەك لەسەر ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاودەكەنەوە و جەختدەكەنەوە، كە هیچ كێشەیەكی نییە و دژی بەیاننامەكەی لیژنەی نەزاهەی پەڕلەەمان دەوەستنەوە.

شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی بودجە، بەڵام هەر زوو بەشێك لە شیعەكان دژی بڕیارەكە وەستانەوە و لیژنەی نەزاهەی پەڕلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار دەكەن و ئەوە دژی یاسای بودجەیە.

لای خۆشیانەوە، جەمال شوكر و د. ڕێبوار كەریم، پەڕلەمانتارانی كوردی لیژنەی نەزاهە لە ڕوونكردنەوەیەكدا دژی بەیاننامەكەی لیژنەی نەزاهە وەستانەوە و دەڵێن: ” هاتنی پارە بۆ هەرێم هیچ گرفتێكی یاسایی نیەو لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عیراقی ساڵی ۲٠۲۱ جێی كراوەتەوە”.

ڕاشیانگەیاندووە، ئەو پارەیە بەپێی یاسای بودجە و بەپێی بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانیش تەنها بۆ مووچە خەرج دەكرێت و بەهۆیەوە نابێ لێبڕینی مووچە لەهەرێمی كوردستان بمێنێت.

ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی
ئێمە دوو ئەندامی كورد لە لیژنەی نەزاهە_دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە هەمو جۆرێك ئەو بەیاننامەیەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان رەتدەكەینەوەو پێمانوایە هاتنی پارە بۆ هەرێم هیچ گرفتێكی یاسایی نیەو لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عیراقی ساڵی ۲٠۲۱ جێی كراوەتەوە. لەبەرئەوەش كە یاساكە بۆ كۆی ساڵی ۲٠۲۱ ئەژماردەكرێ، هەربۆیە دەبێ پارەكە لە سەرەتای ساڵەوە حساب بكرێ و بنێردرێت.
دوپاتیشی دەكەینەوە كە ئەو پارەیە بەپێی یاسای بودجەو بەپێی بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانیش تەنها بۆ
موچە خەرجدەكرێت و بەهۆیەوە نابێ لێبڕینی موچە لەهەرێمی كوردستان بمێنێت.
جەمال شوكر
د. رێبوار كریم محمود
ئەندامانی كورد لە لیژنەی نەزاهە