سەردێر

ژمارەیەكی زۆری كارمەندی تەندروستی لە سلێمانی تووشی شێرپەنجە بوون

خەڵك-
ماوەی زیاتر لە 7 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراندنی فەرمانبەرانی لە كەرتی گشتی ڕاگرتووە و سەڕەڕای خانەنشین بوون، ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران و كارمەندانیش نەخۆش كەوتوون و ئەوەش كێشەی كەمی میلاكی دروست كردووە و تەنها لە 3 ساڵدا نزیكەی 300 كارمەندی تەندروستی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون.

هاوژین عوسمان، سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی نوێترین ئامار لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا لە (2019 و 2020 و 2021) لە سنووری سلێمانی 240 كارمەندی تەندروستی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و ئەمەش بە بەڵگە لەلامە.

ڕاشیگەیاند، تەندروستی كێشەیەكی زۆری میلاكی هەیە بەهۆی ئەوەی، كە تەنها تەندروستی سلێمانی دەبوو 26 هەزار كارمەندی هەبێت، بەڵام 13 هەزار و 400 پزیشك و كارمەند و فەرمانبەری هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی دیكەی كارمەندەكانمان نەخۆشی دیكەیان هەیە لە فەقەرات و قاچ ئێشە و نەخۆشی دڵ و منداڵی شەلەل و نەخۆشی دیكە، هەروەها كارمەندمان هەیە 30 ساڵ خزمەت و ئەزموونی هەیە و لە خەفارەت دەوام دەكات و ناتوانین بیهێنینەوە دەوامی ڕۆژانە.

جەختیشی كردەوە، هەموو ئەوانە بوونەتە كێشە بۆ تەندروستی و كاریگەری لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان دروست دەكات.