سەردێر

مێسی ڕاستییەكە دەدركێنێت

خەڵك-
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، دان بە كەمتەرخەمی خۆی و هاوڕێكانیدا دەنێت لە یارییەكەیان لەگەڵ چیلی كە بە ئەنجامی (1-1) لە سەرەتای یاریی هەردوو تیپ لە پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكا بەڕێوەچوو.


مێسی لە لێدوانێكیدا لە دوای یارییەكە ڕایگەیاند:”لەدوای پێشكەوتنمان بە گۆڵێك، هێشتا دانبەخۆداگر و ئارام نەبووین، زەوی یاریگاكە لەبار نەبوو، بۆیە نەماندەتوانی بە باشی تۆپ كۆنترۆڵ بكەین، و بە خێرایی یاریمان نەدەكرد، هەڵبژاردەی چیلی ئەم خاڵە لاوازانەی قۆستەوە و توانی گۆڵی بەرانبەر تۆماربكات”.

بە وتەی هێرشبەرەكەی یانەی بەرشەلۆنە:”لەدوای یەكسانبوون چیلی بەلەسەرخۆیی یاریی كرد و توانی تۆپ كۆنترۆڵ بكات، ئەمەش هێندەی تر ڕەوشەكەی ئاڵۆزكرد”.

مێسی پێیوایە”هیچ سەرپێچییەكی بەدی نەكردووە بۆ دروستبوونی پەناڵتییەكە كە بووە مایەی تۆماركردنی گۆڵی یەكسانبوون بۆ هەڵبژاردەی چیلی، بەڵام گۆڵەكە ڕێڕەوی یارییەكەی گۆڕی”.

كاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەڵێت”ویستمان دەستپێكی یارییەكان بە بردنەوە بێت، چونكە هەنگاوێكی گرنگ دەبوو بۆ چوونە پێشەوە بەرانبەر بە ڕكابەرێكی قورس، لەئێستاشدا چاوەڕوانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆرگوای دەكەین كە یارییەكی تا بڵێین قورسە”.

لە كۆتایی قسەكانیدا مێسی وتی:”یەكەم یاریی بەرانبەر بە ڕكابەرێكی وەك چیلی زۆر قورسە، چونكە هەلًبژاردەیەكی بەهێزە، بۆیە هەوڵماندا براوەبین، لەئێستاشدا دەبێت بەوپەڕی تواناوە خۆمان بۆ یارییەكەی ئۆرگوای ئامادە بكەین”.