سەردێر

“بەهۆی پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە، 400 گوند چۆڵ كراون”

خەڵك-

ئەندامێكی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردی سوریا ڕایدەگەیەنێت، داوا دەكەین پەكەكە دەست لە هەرێمی كوردستان هەڵبگرێت و بڕواتەوە بۆ سنوورەكانی نێوخۆی توركیا.

قەدری جان ئەندامی لیژنەی هەرێمی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا و ئەندامی لیژنەی نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا لە قامیشلۆ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان بە شێوەی دەستووری بەشێكە لە عێراق و هەڵگری شەرعیەتە و لە جیهانی نێودەوڵەتیدا سنووری فەرمیی بۆ دیاری كراوە.

وتیشی”پەكەكە پێویستە ڕێز لە یاسا و مافی هەرێمی كوردستان بگرێت و هێزەكانی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بباتە دەرەوە و بیانباتەوە كوردستانی توركیا، چونكە لەوێ ڕووبەرێكی جوگرافی فراوانتر هەیە بۆ چالاكیكردن و واز لە هەرێمی كوردستان بهێنێت و بەرژەوەندیی هەرێم تووشی مەترسی نەكەن”.

ڕوونیشیكردەوە، بەهۆی پێكدادانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە، 400 گوند لە ناوچە سنوورییەكان چۆڵ كراون و هاووڵاتیانی ئەو گوندانە ئاوارەی ناوچەكانی تر بوون، هەموو بەشێكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە و نابێت پەكەكە لەبەر خاتری بەرژەوەندییەكانی خۆی كوردەكانی تر بكاتە قوربانی.