سەردێر

حكومەتی عیراق لەسەدا 63ی پۆلیسی گومرگی سلێمانی كەمكردووەتەوە

 

سلێمانی ـ نزار جەزا

لەكۆبوونەوەیەكی نێوان پۆلیسی گومرگی سلێمانی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لەكێشەكانیان كرا و جەخت لەئەوەكرایەوە لەسەدا 63ی پۆلیسی گومرگی سلێمانی كەمكراوەتەوە.

كۆبوونەوەكە لەلایەن ڕێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان سازكرا، بۆئەوەی كێشەكانی پۆلیسی گومرگی سلێمانی بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

ڕێبوار كەریم ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لەو كۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند، هۆكاری ئەو كەمكردنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ دانەمەزراندنی خەڵكی تازە و گواستنەوەی هەندێكیان.

ئەوەشی باسكرد، وەزارەتی ناوخۆی عیراق وتویەتی، تەواوی كێشەكانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان چارەسەردەكەن، بەڵام پێویستە تەواوی كارەكانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان بخرێنە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عیراقەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، پێویستە فەرمانگە فیدڕاڵییەكان ساغبكرێنەوە یان بەتەواوی سەر بەبەغداد بن، یان سەر بەهەرێمبن، هەرچەندە لەبەرئەوەی فیدڕاڵین دروستنییە سەر بەهەرێمبن.

باسی لەئەوەشكرد، ئەگەر بەتەواوی سەر بەحكومەتی عیراقبن، وەك پەرلەمانتاران دەتوانن باشتر كار بۆ مافەكانیان بكەن.

ئەوەشی باسكرد، لەحكومەتی عیراقەوە هەزار و 600 فەرمانبەر وەك پشكی فەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێم دیاریكراون، بەڵام لەهەرێمی كوردستان نزیكی 5 هەزار فەرمانبەریان هەیە، ئەم ڕێژەیەش لای حكومەتی عیراق زۆرە ، هەرچەندە پێشتر حكومەتی عیراق ڕەزامەندی داوە كە فەرمانبەرە زیادەكانیش وەربگرێت، بەڵام جێبەجێنەكرا.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا دانا شەهید جەزا، ئەندامی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، كێشەی سەرەكی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992 كە دابڕانێك لەنێوان هەرێم و حكومەتی عیراق دروستبوو، بەوەی حكومەتی عیراق فەرمانگەكانی كشاندەوە، بۆیە ئەو سەردەمە حكومەتی هەرێم ئەو بۆشاییەی پڕكردەوە و خۆی ئەو فەرمانگانەی دامەزراند.

زیاتر ڕوونیكردەوە، تاكو ساڵی 2003 ئەو فەرمانگانە كاریان كرد، لەدوای ئەوەشەوە كە حكومەتی عیراق بوو بەفیدڕاڵی هەوڵیدا ئەمە ڕێكبخاتەوە و ئەم فەرمانگانەی خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام كێشە دروستبوو بەنمونە كێشەی میلاك، كە حكومەتی عیراق دانیپێدانانێت، هەروەها كێشەی دابینكردنی بوجەی پێویست بۆ فەرمانگەكان.

لەكۆبوونەوەكەدا باس لەئەوەكرا، كە كێشەی بینایان هەیە، بۆ چارەسەری ئەمەش لەتاسڵوجە پێنج دۆنم زەوییان هەیە، داواكارن بۆیان بكەنە بینا.

لە ساڵی 2006 ەوە تاكو ئێستا كەسیان بۆ دانەمەزراوە، لەكاتێكدا كارمەندیان هەیە خانەنیشین دەبێت و نەخۆشدەبێت و گیانلەدەستدەدەن، بۆیە كارمەندیان زۆر كەمبووەتەو و ژمارەیەكیشیان لێ دەگوازنەوە بۆ پاسەوانی سنوور.

لەئێستادا 369 كارمەندیان هەیە، ئەم ڕێژەیەش بەوتەی بەرپرسانی پۆلیسی گومرگ بۆئەم ناوچە شاخاوییە كەمە، لەكاتێكدا پێشتر نزیكی هەزار كەرمەندبوون.

لەكۆبوونەوەكەدا باس لە قاچاخچییەكان كرا، كە كۆتا مۆدێلی ئۆتۆمبێلیان هەیە و پۆلیسی گومرگیش ئۆتۆمبێلەكانیان كۆنە و ناتوانن بەم ئۆتۆمبێلە كۆنانەوە كۆنتڕۆڵی سنوورەكان بكەن.

هەر لەكۆبوونەوەكدا ئەوەخرایەڕوو، هیچ ئیمتیازێكیان نییە چونكە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراقدا ماونەتەوە.

ئاماژە بە ئەوەشدرا، ئەفسەری پلە بچوكیان نەماوە و بچوكترینیان ڕائیدە، بۆیە داواكارن لەخولەكانی عیراق پشكی هەرێمیشیان بەربكەوێت بۆئەوەی ببن بەئەفسەر لایان.

No description available.