سەردێر

بەفیڕۆدانی سفر چییە؟

چ كاریگەرییەكی لەسەر ژینگە و ژیانی مرۆڤ و سەرجەم بونەوەرانی دیكە هەیە؟

خەڵك
یەكێك لە هەوڵە تاكە كەسییە گرنگەكان كە زۆر كەس لە دونیادا پەیڕەوی دەكەن بۆ زیاتر پاراستنی ژینگە، بەرنامەیەكە پێی دەوترێت (بەفیڕۆدانی سفر یاخود خاشاكی سفر Zero Wasted).
با ڕێگە بە خاتوو لاورین سینگەر بدەین خۆی بۆمان باسبكات ئەم بەرنامەیە چییە و سودی چییە.
“ئەوە بۆ چەند ساڵێك دەبێت من بڕیاری ئەوەم داوە ببم بە (بەفیڕۆدانی سفر)، بەفیڕۆدانی سفر واتە لە ماڵەوە هیچ جۆرە خاشاك و زبڵێكت نەبێت بە تایبەتی مادەی پلاستیك، چونكە یەكێكە لە مەترسیدارتین ماددەكان بۆ ژینگە.

كاتێك لە زبڵدانی ماڵەكەم وردبومەوە، بینیم بەشێكی زۆری خاشاكەكانم پلاستیكن، بۆیە بڕیارمدا چیتر هیچ شتێك نەكڕم پلاستیكی تێدا بەكارهاتبێت ئەمە كارێكی ئاسان نەبوو، چونكە كاتێك دەچومە بازاڕ و ماركێتەكان تا پێداویستی و خۆراكەكان بكڕم، هەمیشە هەموو خواردنەكان لە پلاستیكدا پێچرابونەوە و خاوەن دوكانەكەش بۆی دەكردمە زەرفێكی نایلۆنەوە.

“فڵچەو هەویری ددان ناكڕم و خۆم دروستیان دەكەم”

ئێستا فێربوم چۆن خۆم هەموو پێداویستیەكانی خۆم دروست بكەم، بەجۆرێك خاشاكم نەبێت بۆ نمونە، فڵچە و هەویری ددان شۆردنەكەم لە پلاستیك بوو، ئێستا چیتر نایانكڕم و لە سۆدەی چێشتلێنان هەویر دروست دەكەم.

“لەكاتی بازاڕكردن سەبەتە لەگەڵ خۆم دەبەم و عەلاگە بەكار ناهێنم”

كاتێك دەچووم بۆ بازاڕ تا خواردەمەنی پێداویستیەكانی ڕۆژانەم بكڕم، بەشێكی زۆری پێداویستەكان بە پلاستیك پێچرابونەوە و داپۆشرابوون، یاخود زۆر خواردەمەنیم دەبینی لە ناو قوتوی پلاستیكدابوون، لە دواجاریشدا كە دەتكڕین، خاوەنی فرۆژگەكە سەرجەم شتەكانتی دەكردە عەلاگەیەكەوە بۆت، كە دیسان عەلاگەش پلاستیكە، بۆیە من بیرم لەوە كردەوە كۆتایی بە هەموو ئەمانە بهێنم ئێستا‌ لەگەڵ خۆم سەبەتەیەك، یاخود زەمیلەیەك دەبەم و ڕاستەوخۆ دەچم بۆ فرۆژگەی جوتیارەكان خۆیان، چونكە شتەكان لەوێ هەمیشە نوێ و فرێشن، لەوێ سەوزە و میوەكان دەكڕم، ڕاستەوخۆ دەیانكەمە‌‌ ناو ئەو سەبەتە و زەمیلەیەی خۆمەوە، بێ ئەوەی عەلاگە بەكاربهێنم.

“بە تێپەڕبونی كات، فێربووم خۆم سەرجەم ئەو شتانە دروست بكەم كە بەكاریان دێنم كاتێك شتێك دەشكێت، فڕێی نادەم، بەڵكو چاكی دەكەمەوە”.

یەكێكی دیكە لەو ڕێگەیانەی گرتومەتە بەر، كڕین و بەكارهێنانی شتی دەستی دووە، بەمجۆرە من هەم بەرهەمێكی لەكاركەوتوو بەكاردێنمەوە، هەمیش خۆم لە كڕینی شتێكی نوێ بەدوور دەگرم و ناهێڵم بەرهەمێكی نوێ بە هۆی منەوە بەرهەمبێت و دواتر زبڵدانەكان گەورەتر بكات، پارەیەكی زیاتریشم بۆ دەگەڕێتەوە چونكە وەك ئاشكرایە، شتی دەستی دوو هەمیشە هەرزانترە، ئەمەش یەكێكە لەو شتە باشانەی كە بەدەستم هێناوە.

یەكێكی دیكە لەو سودانەی كە بەدەستم هێنا، كەمبونەوەی ئەو شتانەیە كە بەكاریان دێنم، چونكە ئێستا تەنها ئەو شتانەم هەن كە زۆر پێویستن قەرەباڵغی لە ماڵەكەمدا كەمتر بووەوە و ماڵەكەم گەورەتر بووە و سەرم سوكتر بووە، لەبەر ئەوەی كە لە ماڵەوە شتم كەمتر هەیە، پاككردنەوەی ماڵەكەشم ئاسانتر بووە و كاتی كەمتر دەوێت.

“ئەو جۆرە ژیانە قورس نییە”

لاورین دەڵێت، دەزانم ڕەنگە وادیاربێت ئەم جۆرە ژیانە زۆر قورسە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە بەو جۆرە قورس نیە كە دەردەكەوێت ئەو شتانەی بەدەستی دێنن، زۆر زیاترن لەو شتانەی لەدەستی دەدەن.

“تەندروستیم باشتر بووە”

یەكێكی دیكە لەو سودانەی كە لەم شێوازە ژیانكردنەدا بەدەستم هێنا، باشتر و باشتربونی تەندروستیمە، چونكە هەموو خواردنەكانم فرێش و نوێن و لە خۆراكی بازاڕ و سەفەری و خواردنی قوتو خاوێنترن، ئەو خواردنەشی كە خۆم بۆ خۆمی دروست دەكەم، بە شێوەیەكی زۆر خاوێن دروستی دەكەم و ماددەی پارێزەر (مواد حافزە)ی تێناكەم كە لە خوارنەكانی دەرەوەدا هەیە و زۆریش مادەیەكی خراپە. ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەشم نەما كە ئایا تۆ بڵێی ئەو چێشتخانەیەی نانی لێ دەخۆم پاكوخاوێن بێت، بڵێیت چێشتلێنەرەكان دەستیان بشۆن و بە خاوێنی ئیشەكانیان بكەن؟ چیتر خۆم بە تەندروستترین شێوە لێی دەنێم و ئەو دڕدۆنگیەم نییە.

كاتێك تۆ دەچیت بۆ چێشتخانەیەك یاخود بۆ ماركێتێك خۆراكێك دەكڕیت، كاتی خواردنی بە خۆت دەڵێیت، “خواردنێكی خۆش بوو بەڵام خۆزگە خوێی كەمتر تێدابوایە، یاخود خۆزگە خوێی زیاد بوایە ، یاخود بە خۆت دەڵێیت، بریا پیازی تێدا نەبوایە، بریا سیری تێدا نەبوایە، زۆر خۆشە بەڵام خۆزگە هێندە شیرین نەدەبوو، یاخود خۆزگە فڵانە شتی تێدا نەبوایە یان فڵانە شتی تێدابوایە، بریا زیاتر بكوڵایە، بریا كەمتر لەسەر ئاگر بوایە”.

“ئەو شێوازە ژیانە كێش جێگیر دەكات”

یەكێكیتر لە سودەكانی دیكەی ئەم شێوازە ژیانكردنە، بە هەمان شێوەی تەندروستیم، كێشیشم جێگیر بووە، ئێستا كێشی زیادەم نییە، چونكە خۆراكەكانم خاوێنن و هیچ مادەیەكی زیادەی تێناكەم بۆ چەوری لەش خراپ بێت، وەك سۆدە، ڕۆن، خوێ و شەكر و هەر شتێكی دیكە.
كاتێكیش خواردنی تەندروست دەخۆیت و كێش و چەوری زیادە لەلەشتدا نییە و پارەیەكی زۆرت بۆ گەڕاوەتەوە، هەموو ئەمانە وادەكەن كە دڵخۆشتربیت.

لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە، من كەسێكم زبڵ و خاشاك بەرهەم ناهێنم، بە تایبەتی پلاستیك، وەك ئاشكرایە لە ئێستادا خاشاك یەكێكە لە كێشە هەرە گەورەكان، داتاكان دەریان خستووە كە هەر هاوڵاتیەكی ئەمریكی لە ڕۆژێكدا ٤،٤ پاوەن خاشاك بەرهەم دێنێت، ئەمەش ڕێژەیەكی زۆر زۆرە و شایەنی هەڵوێست وەرگرتنە.

كاتێك دەبیت بەكەسێكی (بەفیڕۆدانی سفر) دەتوانیت تەواو تەواو كۆنتڕۆڵی ئەو شتانە بكەیت كە دێنە لەشتەوە، بەڵام خەڵكانی دیكە وانین، ئەوە خاوەنی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و چێشتخانەكانن بڕیاردەدەن چ خۆراكێك بێتە جەستەتەوە و چۆنیش بێت، بێگومان من بۆم نییە بە ئێوە بڵێم چۆن بژین و چی بكەن و چی نەكەن تەنها داواتان لێدەكەم كەمێك زیاتر بیر لە ژینگە بكەنەوە.”

با بیر لەوە بكەینەوە كە ئەگەر ژمارەی ئەو كەسانەی ئەم جۆرە ژیانە پەیڕەو دەكەن زۆربێت، چەندە ژینگە پاكتر دەبێتەوە.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

سەرچاوە: TED Talk- Why I live a zero waste life – Lauren Singer – TEDxTeen – YouTube



هەلبژاردە

گرنگترینەکان