سەردێر

“كەركوك دۆخێكی هەستیار و مەترسیداری هەیە”

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، دۆخی كەركوك مەترسیدارە.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە كەركوك دۆخێكی هەستیار و مەترسیداری هەیە.
وتیشی”ئێستا كورد زۆر ناڕازییە و شەوانە كاری تیرۆریستی دژی هێزەكانی عێراقی ئەنجام دەدرێت، نەبوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە بۆشاییەكی زۆری دروست كردووە و خەڵكی كەركوك تووشی دڵەڕاوكێیەكی زۆر بوون، وایكردووە لە كەركوك سەقامگیرییەكی تەواو نەبێت تەنانەت بۆ هەڵبژارنەكانیش كورد نەتوانێت دەنگ بدات”.

ئاشكراشیكرد، لە كەركوك دۆخێكی ناهەمواری هەیە و لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئاسایی نەكراوەتەوە، بەوەی كە پارێزگار كورد بێت ئەنجومەنی پارێزگا كە داوا كراوە كارا بكرێتەوە نەكراوەتەوە، ئیدارەی كەركوك كەس چاودێری ناكات، و تاكو بەرەو هەڵبژاردنیش بچین دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت.

بەهۆی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكە، چەكدارانی داعش ناوەناوە پەلاماری هێزە ئەمنییەكانی عێراق و پێشمەرگە دەدەن و جگە لەوان هاووڵاتیانی سڤیلیش دەبنە قوربانی پەلامارەكان، دانیشتوانی ناوچەكەش داوا دەكەن بە ڕێكەوتنێك هێزێكی هاوبەش پارێزگاری لە ناوچەكە بكەن.