سەردێر

گۆڕانكاری لە كەشوهەوای هەرێم ڕوودەدات

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانكاری لە پلەكانی گەرما لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی داهاتوو ڕوودەدات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، سبەی چوار شەممە پلەكانی گەرما بە نزیكەی 1 تا 3 پلە ڕوو لە نزمبوونەوە دەكات تا ڕۆژی هەینی بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیكراو لە سەنتەری پارێزگاكان بە گشتی لە ژێر 40 پلەی سیلیزی دەبێت جگە لە سەنتەری پارێزگای كەركووك .

ئاشكراشیكرد، ڕۆژی هەینی بەرزترین پلەكانی گەرما دەست دەكات بە بەرزبوونەوە، ڕۆژی شەممەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما زیاتر دەبێت لە زۆربەی ناوچەكان دەگاتە سەرووی 40 پلەی سیلیزی.

ڕوونیشیكردەوە، لە ئێستادا بەهۆی چالاكبوونی نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی ساڵانە لەگەڵ وەرگەڕانی هاوینە پێشبینی دەكەین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بە گشتی بەرزترین پلەكانی گەرما بەردەوام لە سەرووی 40 پلەی سیلیزی بێت، لەو كاتانەی شەپۆلەكانی گەرما ڕوو لە ناوچەكەمان دەكەن بەرزترین پلەكانی گەرما تا سەرووی 45 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە سەبارەت بە سەنتەری پارێزگاكان و لە ناوچە شاخاوییەكانیش دەگاتە سەرووی 36 پلەی سیلیزی .