سەردێر

ژمارەی دانیشتوانی عیراق 40 ملیۆن تێدەپەڕێنێت

خەڵك-
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی عیراق، ژمارەی دانیشتوانی وڵات لە ساڵی 2020وە دەگاتە 40 ملیۆن و 150 هەزار كەس.

عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاوكرایەوە، ڕایگەیاندووە”وڵات ساڵانە فراوانبوونی دانیشتوان بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ئەم زیادبوونە بە هەمان قەبارەی دە ساڵی ڕابردوو نییە، لەگەڵ ئەمەشدا بەراورد بە وڵاتانی تر ڕێژەی زیادبوونی دانیشتوان بە بەرزی ماوەتەوە و بەراورد بە ساڵی ڕابردووش بەرزبوونەوەی بەخۆوەبینیوە”.

پێشتر خالید بەتال وەزیری پلاندانانی عیراقی لە كۆڕێكی تایبەت بە گەشەكرد ڕایگەیاندبوو، زیاتر لەسەدا 68ی دانیشتوانی عیراق، لەخوار تەمەنی 30 ساڵانەوەن، ڕێژەی دانیشتوانی منداڵانیش كە لەخوار تەمەنی 15 ساڵەوەن، نزیكەی لەسەدا 40 دەبێت، لە هەمان كاتدا ڕێژەی دانیشتوان لە بەساڵاچوان لە تەمەنی 65 ساڵان و بەرەوژوور، بەڕێژەی 3 ڕووی لە كەمبوونەوە كردووە.