سەردێر

نرخی نەوت 73 دۆلار تێدەپەڕێنێت

خەڵك-
نرخی نەوتی خاوی ئەمریكایی، بەرزترین ئاست لەماوەی 32 مانگی ڕابردوودا تۆماردەكات، هۆكاریی ئەمەش بۆ ڕووكردنە بەكارهێنانی ڤاكسینەكانی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی داواكاریی لەسەر نەوت لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا دەگەڕێتەوە.


ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی نەوتی خاوی تكساسی خۆرئاوای ئەمریكا، بەڕێژەی 0.5% ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی بەرمیلێكی 71 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بە بەرزترین ئاستی ئەو نەوتە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2018وە دادەنرێت، بە هەمان شێوە نرخی نەوتی برێنت ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی بەرمیلێكی بەربەستی 73 دۆلاری تێپەڕاند.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە هەفتەی ڕابردوودا پێشبینی كردبوو، لە كۆتایی ساڵی داهاتوودا داواكاریی جیهانی لەسەر نەوت، بوژانەوە بەخۆوە ببینێت و بگەڕێتەوە بۆ ئاستەكانی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاكە، لە هەمان كاتدا (ئۆپیك) و هاوبەشكانی، پێداگرییان لەسەر پارێزگاریی لە هاوسەنگی بازاڕ كردەوە، لەڕێی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەم و زێڕۆیی نەكردن لە بەرهەمهێنانی نەوت.