سەردێر

قەرزەكانی سەر عیراق 100 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنن

خەڵك-
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، پێشبینی دەكات لەپاش باشبوونی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان، عیراق پەنا بۆ قەرزكردن نەبات، پێشیوایە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كورتهێنانی دارایی كە وڵات بەدەستییەوە دەناڵێنێت، كەمدەكاتەوە.

عەبدولهادی موحان، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی رٍۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”قەرزی دەرەكی و ناوخۆيی و قەرزەكانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو، هەموو ئەمانە سیادین و عیراق دەبێت پابەند بێت بە دانەوەیان، بە تایبەتیش قەرزەكانی كوێت، ئەم قەرزانەش لە ساڵی 2014 و لە دوایی تەنگژەی دارایی كە عیراق زیاتر بەدەستییەوە گیرۆدە بوو لە دوای هاتنەناوەوەی داعش، ڕوویان لە زیادبوون كردووە”.

بە وتەی موحان”كۆی گشتی قەرزەكان 100 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنن، عیراق بەپێی بودجەی دارایی وڵات، نزیكەی 14 ترلپیۆن دینار لە ساڵێكدا بۆ دانەوەی ئەو قەرازانە بۆ وڵاتە قەرزبەخشەكان تەرخان دەكات”.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”پەرلەمان ڕاگرتنی هەموو قەرزەكییەكان و قەرزنەكردن تاوتوێ‌ دەكات، چونكە ئەم ڕەوشەوە ئابوری عیراق بەرەو داڕمان دەبات”.