سەردێر

قائیمقامی ماوەت لەبارەى کارگەی مەشروب و جگەرەکەی ماوەت ڕوونکردنەوە دەدات

 

خەڵك

قائیمقامی ماوەت لەبارەى کارگەیەکی جگەرە و مەشروب لەسنوری شارەدێکەیاندا ڕوونکردنەوەیدا.

 

کامەران حەسەن قائیمقامی ماوەت بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەو کارگەیەی سنووری شارەدێیەکەیان دەمێکە بۆ دروستکردنی مەڕمەڕ دروستکراوە، بەڵام کاری تێدا نەدەکرا و فەشەلی هێنابوو، بۆیە لەساڵی ٢٠١٩ بەفەرمی کرایە کارگەی جگەرە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، گۆڕینی کارگەکە بەفەرمی و یاسایی کراوە و هیچ کارێکی نایاسایی تێدا نییە، ئاگادارنین کە مەشروبی تێدا دروستبکرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو، کارگەکە بۆ پێچانەوەى جگەرەیە و بەرهەمەکانی لەدەرەوە بۆ دێنن و لەوێ کاری پێچانەوەی بۆ دەکەن.

 

زانا عەبدولڕەحمان پەڕلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیتالی كرا بەبڕی ١٣ ملیۆن یۆرۆ كارگەیەك دروست بكات ، بەڵام بەداخەوە كارگەكە بە تەواونەكراوی بەجێما و كۆمپانیا ئیتالیەكە بڕی ٥ ملیون یۆرۆی برد و باقیەكەشی وەزارەتی پێشەسازی ئەوكات دەزانێت چیلێهات.

وتیشی”دەبوو كارگەكە بۆ خزمەتی خەڵكی شارباژێر و بوژاندنەوەی ناوچەكە تەواو بكرایە كە بە نزیكەی بژێوی هەزار خێزانی كەمدەستی ناوچەی شارباژێری دابیندەكرد و هەلی كار بۆ گەنجی سنوورەكە دەڕەخسا”.

ئاشكراشیكرد، ئەو پڕۆژەیە بەتەواونەكراوی مایەوە، تاكو ئەمساڵ بەدزیەوە كراوەتە كارگەی جگەرەی ساختە و مەشروبی ساختە و كەس نازانێت كێ كردویەتی و چۆن كراوە و پڕكراوە لە كرێكاری بەنگلادیشی و بیانی .

ڕوونیشیكردەوە، ئەوەی بۆ خەڵكی سنوورركە جێگەی سەرسورمانە، چۆن وەزارەتی پێشەسازی ڕەگەزی كارگەی بەردی مەرمەری گۆڕیوە بۆ كارگەی جگەرەی ساختە،
لەكاتێكدا بەهیچ جۆرێك شارباژێر پێوستی بە كارگەی جگەرەو مەشروب نیە، ئەسڵەن لەگەل ڕەوشت و ئادابی خەڵك ئەو ناوچەیە نایەتەوە.

 

ئەوەشی باسکرد، بۆیە وەك گەنجێكی خەڵكی ئەو سنوورە ئەو پڕۆژەیە جێگەی قبوڵ نیە و سوكایەتیە بە خەڵكی ناوچەكەو لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی ئەو سنوورە داوای یاسایی لەسەر وەزیری پیشەسازی و بەرێوەبەری گشتی پیشەسازی سلێمانی تۆماردەكەین، چۆن ڕێگەیان داوە پڕۆژەیەكی گشتی بخرێتە خزمەتی كۆمەڵێك بازرگان، دواكارین لە داوكاری گشتی و پەڕلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی بێنە دەنگ لە دۆسیەكە بكۆڵنەوە.