سەردێر

لە ماوەت، كارگەیەكی مەڕمەڕ دەكرێتە شوێنی دروستكردنی مەشروب و جگەرەی ساختە

خەڵك-

پەڕلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ڕاسپاردەی مام جەلال بڕیاردرا بۆ بوژاندنەوەی شارباژێر چەند كارگەیەك دروست بكرێت ، بەو پێیە ناوچەكە دەوڵەمەندە بە كانزا و بەردی بەنرخ، بۆیە بڕیاردرا كارگەی بەردی مەڕمەڕ لە ماوەت دروست بكرێت .

زانا عەبدولڕەحمان پەڕلەمانتاری پێشووی یەكێتی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیتالی كرا بەبڕی ١٣ ملیۆن یۆرۆ كارگەیەك دروست بكات ، بەڵام بەداخەوە كارگەكە بە تەواونەكراوی بەجێما و كۆمپانیا ئیتالیەكە بڕی ٥ ملیون یۆرۆی برد و باقیەكەشی وەزارەتی پێشەسازی ئەوكات دەزانێت چیلێهات.
وتیشی”دەبوو كارگەكە بۆ خزمەتی خەڵكی شارباژێر و بوژاندنەوەی ناوچەكە تەواو بكرایە كە بە نزیكەی بژێوی هەزار خێزانی كەمدەستی ناوچەی شارباژێری دابیندەكرد و هەلی كار بۆ گەنجی سنوورەكە دەڕەخسا”.
ئاشكراشیكرد، ئەو پڕۆژەیە بەتەواونەكراوی مایەوە، تاكو ئەمساڵ بەدزیەوە كراوەتە كارگەی جگەرەی ساختە و مەشروبی ساختە و كەس نازانێت كێ كردویەتی و چۆن كراوە و پڕكراوە لە كرێكاری بەنگلادیشی و بیانی .
ڕوونیشیكردەوە، ئەوەی بۆ خەڵكی سنوورركە جێگەی سەرسورمانە، چۆن وەزارەتی پێشەسازی ڕەگەزی كارگەی بەردی مەرمەری گۆڕیوە بۆ كارگەی جگەرەی ساختە،
لەكاتێكدا بەهیچ جۆرێك شارباژێر پێوستی بە كارگەی جگەرەو مەشروب نیە، ئەسڵەن لەگەل ڕەوشت و ئادابی خەڵك ئەو ناوچەیە نایەتەوە، بۆیە وەك گەنجێكی خەڵكی ئەو سنوورە ئەو پڕۆژەیە جێگەی قبوڵ نیە و سوكایەتیە بە خەڵكی ناوچەكەو لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی ئەو سنوورە داوای یاسایی لەسەر وەزیری پیشەسازی و بەرێوەبەری گشتی پیشەسازی سلێمانی تۆماردەكەین چۆن ڕێگەیان داوە پڕۆژەیەكی گشتی بخرێتە خزمەتی كۆمەڵێك بازرگان، دواكارین لە داوكاری گشتی و پەڕلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی بێنە دەنگ لە دۆسیەكە بكۆڵنەوە.