سەردێر

“خۆشحاڵبوون بە ڕۆیشتنی ناتانیاهۆ، خۆشحاڵییەكی ڕۆمانسییە”

"ئیخوان موسلیمین بەشداری كابینەی نوێی ئیسرائیلە و پێشتر بەشداری سوپای ئیسرائیل بوون و وەزیریشیان بووە"

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، گۆڕانكاری لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل هیچ كاریگەرییەك لە سیاسەتی ئیسرائیل دروست ناكات.

ئیسرائیلییەكان بۆ كۆتاییهاتنی سەردەمی بنیامین ناتانیاهو كە ١٢ ساڵ بەبێ پچڕان سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بوو ئاهەنگیان گێڕا، بەشێكی دیكەش لە وڵاتانی ئیسلامیی بە هەرێمی كوردستانیشەوە خۆشحاڵبوون بە لابردنی ناتانیاهۆ.

بەپێی زانیارییەكان، دوای ئەوەی ئەو هاوپەیمانییەی بە ڕابەرایەتی سەرۆكی پارتی ئایندە لە ئیسرائیل، یائیر لاپید و سەرۆكی یامینا، نافتالی بێنێت دامەزراوە، ئێوارەی دوێنێ لە پەڕلەمانی ئیسرائیل متمانەی پێ بەخشرا.

لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بۆ دوورخستنەوەی ناتانیاهۆ خۆشحاڵی دەربڕا و بەشێك لە هاووڵاتیان پێیانوایە دۆخی ناوچەكە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، گۆڕانكاری لە سەرۆك وەزیران كاریگەری لەسەر سیاسەتی ئیسرائیل دروست ناكات.

مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، خۆشحاڵبوون بە ڕۆیشتنی ناتانیاهۆ لێكدانەوە و خۆشحاڵییەكی ڕۆمانسییە، ئەگەرنا سیستمی ئیسرائیلی پەیوەندی بە سیاسەتی تایبەتی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار نییە و سیستمێكی پەڕلەمانییە.
وتیشی”سەرۆك وەزیرانەكانی دیكەش ڕۆیشتوون و هەمووشیان یەك سیاسەتیان هەبووە و پڕۆژەكەش دیارە، بۆیە دڵخۆشبوون بە گۆڕانكاری سەرۆكایەتی كۆمار لە ئەمریكا و فەڕەنسا لە 150 ساڵی ڕابردوو دەبینین سیاسەتەكانیان ناگۆڕێت، بۆ ئیسرائیلیش ناگۆڕێت”.
ئاشكراشیكرد، ئیسرائیل وەكو عەرەب و دەسەڵاتی كورد ئەو پاساوەی نییە، سەرۆكەكان بڵێن لەكاتی جەنگداین و دەبێت یەك سەرۆك هەبێت و یان سەرۆك بەدیلی نییە، وەكو لە كوردستان ڕوویدا، ئەمە گۆڕانكارییە و دیموكراسییە و سەروەری یاسایە لەكاتێكدا لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەكە ناكۆكن.
سەبارەت بە بەشداری حزبێكی نزیك لە ئیخوان موسلیمین لە حكومەتی ئێستای ئیسرائیل ناوبراو ڕایگەیاند، لە مێژە لە بواری سەربازی بەشدارن و وەزیریان هەیە و سەربازەكانیان لەگەڵ سەربازە عەرەبەكان بەشەڕ دێن، ڕائید سەلاح سەرۆكی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو ئەندام بوو لە كنێست، بۆ ئەوان ئەو جۆۆرە بابەتانە ئاساییە، بەڵام كە كوردێك شتێك دەكات تۆمەتی جۆراوجۆری بۆ دەكەن بەبێ ئەوەی بنەڕەتێكی هەبێت.