سەردێر

(خەڵك) هۆكارەكانی زۆربوونی نەخۆشی سكچوون ئاشكرا دەكات

خەڵك-

لێپرسراوی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئاوێك بە كلۆر پاك دەبێتەوە، بەڵام هاووڵاتیان شارەزاییان لە بەكارهێنانی كلۆر نییە و زیاد بەكارهێنانی زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت.
ئەمساڵ بەهۆی وشكە ساڵی زۆرێك لە سەرچاوەكانی ئاو ووشكیان كردووە، ئەمەش وایكردووە هاووڵاتیان بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەم ئاوییان، ئاوی تەنكەرەكان بەكاربهێنن و بەپێی زانیارییەكانیش زۆرێك لە تانكەرەكان ئاوی پیس دەگوازنەوەو بەهۆیەوە هاووڵاتیان تووشی نەخۆشی بوون.

نەورۆز عوسمان لێپرسراوی نەخۆشییە گوازراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ئاوانەی بە تانكەر دەگوازرێنەوە بە كلۆر پاك دەبنەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هاووڵاتی ناتوانێت ئەو بڕە كلۆرە دیاری بكات كە ئەیكاتە ناو ئاوەكەوە.
وتیشی”زیاد بەكارهێنانی ڕێژەی كلۆر لە ئاوەكەدا، دەبێتەهۆی حاڵەتی سكچوون”.

ئاشكراشیكرد، دابینكردنی ئاو ئەركی حكومەتە نەك هاووڵاتی، هاووڵاتی لە ناچاریدا وایلێهاتووە بگەڕێت بەدوای ئاودا، لەگەڵئەوەشدا هەندێك تانكەر دیاریكراون بۆ گواستنەوی ئاوی پاك، هەوڵ بدرێت ئەو كەسانە ئەو كارە دەكەن جێی متمانەبن و لە هەموو سەرچاوەیەك ئاو نەهێنن.
ڕوونیشیكردەوە، ئەو تانكەرانە ژمارەی تایبەتیان هەیەو ناسراون، پێویستە هاووڵاتی لەگەڵ ئەوانە مامەڵە بكەن نەك هەر كەس تانكەری پێبوو، كاری گواستنەوەی ئاو بۆ خەڵكی بكات.

بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی ئاوی پیس و خواردنی خراپەوە، نەخۆشخانەكانی هەرێم نەخۆشێكی زۆریان تێدایە و پزیشكانیش هۆشداری دەدەن لە بەكارهێنانی ئاوی پاك و پاكوخاوێنی.