سەردێر

“ئەم مانگە دوادەرفەتە بۆ جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا”

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 1/4ی یاسای بودجە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام تائێستا ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە جێبەجێنەكراوە.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابوری پەڕلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، پێشبینی دەكەین بۆ ئەم مانگە ڕێككەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم مانگە جێبەجێ نەكرێت واتە نیازی جێبەجێكردنیان نییە.

ئاشكراشیكرد، بێگومان ڕێككەوتنەكە باشە و سەركەوتنە بۆ هەموو لایەك، چونكە كاریگەری لەسەر دۆخی هاووڵاتیان هەیە، بەڵام مەسەلەی جێبەجێكردنەكەی یان هاتنی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا پەیوەندی بەوەوە هەیە تائێستا ڕێكنەكەوتوون لەسەر ئالیەتی جێبەجێكردنەكەی.

وتیشی”ئەوەی ئاگادارین لەڕووی سیاسی و یاساییەوە ڕێككەوتنەكە كە بەشێكە لەیاسای بودجە هیچ كێشەیەكی نییە تەنها لەڕووی هونەرییەوە ماوە”.

جەختیشیكردەوە، ئەم مانگە دوادەرفەتی ئەوەیە چاوەڕێ بكەین، چونكە پێویستی بە زۆر هاتن و چوون نییە و هیچ گرفتێكی تێدا نییە و لە حاڵەتی جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكەش لەلایەن هەركام لەو لایەنانەوە بێت پاساوێكی ناواقیعییە.

سەبارەت بە دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم ناوبراو ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەبێ لێبڕین و بەداهاتی خۆی مووچە دابەش بكات، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی بەغدا بكات، لەڕاستیدا حكومەتی هەرێم لەزاری بەرپرسە فەرمیەكانەوە ڕایگەیاندووە كە داهاتی حكومەت هەرئەوەندەیە كە دابەشی دەكەن، بەڵام بەپێی لێكدانەوەكان كە لەبەردەستماندایە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان زیادیكردووە، كەواتە لەڕووی لۆژیكیەوە ئەگەر حسابی بكەین ناكرێت كاتێك نەوت بە 30 دۆلار بوو مووچە بەلێبڕینی 21% دابەش بكرێت و نەوت بە 60 دۆلاریش بێت هەر مووچە بەلێبڕینی 21% دابەش بكرێت.